کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خانەوادەی كامەرانی سەید مەجید : پرسە دانانێین

.

04:31 PM - 09/04/2020

 

خانەوادەی تێكۆشەری دێرین كامەرانی سەید مەجید، پەیامێكیان بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەیان بەوەكردووە، بەهۆی ئەم بارودۆخەی لەكوردستان و جیان لەئارادایە، پرسە بۆ كۆچی دوایی كامەران سەید مەجید دانانرێت.

دەقی پەیامەكە:

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئازیز و خۆشەویستمان، کاک کامەرانی سەید مەجید رادەگەیەنین

رەوانشاد کامەرانی سەید مەجید برای خوالێخۆشبوو کەمالی سەید مەجید و دلێری سەید مەجید و ئەدهەمی سەید مەجید و جەزای سەید مەجید و کاوەی سەید مەجید و دڵنیایی سەید مەجیدە، هاوسەر و هاووژینی خاتوو ئەڵوەن عومەر و باوکی خاتوو ئاران و کاک ئارێزە و لەساڵی۱۹٥۹ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانی لە ناو دڵ و دەورونیدا چەکەرەی کردوە.

 لەساڵی ١٩٨٢ بووەتە پێشمەرگە و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا پیاوێکی بەوورەو و قارەمان بووە، لە دەرەوەی وڵات هەوڵەکانی بۆ لۆبی کردنی گەلی کورد چڕکردوەتەوە و بەشداری چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی پارتە کوردییەکان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی عیراقی کردوە، لە ساڵی ١٩٩١ پێشرەوایەتی خۆپیشاندانەکانی لە دژی سیاسەتی بەریتانیا و وڵاتانی زلهێز دەکات لە بێدەنگبوونیان بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە رژێمی بەعسی فاشی بەرامبەر گەلی کورد دەیکات، لەگەڵ چەند هەڤاڵێکیدا باڵۆێزخانەی عیراق لە لەندەن دەستوتێنێت و بەو هۆیەوە دەستیگر دەکرێ.

رەوانشاد کامەرانی سەید مەجید لە هەموو وێستگەکانی ژیانیدا و لە رۆژانی سەختی خەباتی شاخ و شاردا جوامێرانە و حەکیمانە مامەڵەی دەکرد و زۆرینەی  تەمەنی خۆی لەپێناوی دۆزی رەوای گەلەکەمان بەخشی.

هەزار حەیف و مەخابن کاتژمێر ۱۱ی بەیانی ئەمڕۆ (۲٠۲٠/٤/۹)، لە نەخۆشخانەی "رۆیاڵ برۆمتۆن" لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دڵە گەورە و میهرەبان و پڕ لە ئاواتەکانی لە لێدان کەوت و  بەیەکجاری ماڵئاوایی لێکردین .

 بەداخەوە لێرەوە رایدەگەیەنین بە هۆی ئەم بارودۆخە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و پاراستنی گیانی هەمووان لەم ڤایرۆسە، لە ئێستادا رێوڕەسمی پرسە لە کوردستان و لە دەروەی وڵاتیش بۆ رەوانشاد بەڕێوەناچێت، سوپاسی خەمخۆری و دڵنەواییتان دەكەین كە لەم دۆخە ناهەموارەدا هاوخەمانن و سوپاسی پەرۆشیتان دەكەین . 

خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو کامەرانی سەید مەجید

٢٠٢٠/٤/٩

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە