کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆ جەنگاوەرانی دژ بە كۆرۆنا

.

08:35 PM - 24/03/2020

 مێژوی نەتەوەکەمان لێوانلێوە لە بەرانگاربوونەوە، سەردەمانێک داگیرکەر و سەردەمانێک شەری ناوخۆ تاکو گەیشتین بەجەنگی دژ بەتیرۆر ، چەندان ئاوارەیی و تەمەنێک ئابڵوقەی ئابوری ، بەڵێ كوردستان لە مێژوودا روبەڕووی دەیان كارەسات‌و نەهامەتی بۆتەوە، لە دەیان روداوی مێژووییدا گەلی كورد وەك یەك جەستە قوربانیداوە، بەڵام هەمیشە بە یەكڕیزی گەل و خۆنەویستی خەڵك‌و جەنگاوەران و دڵسۆزانی راستەقینە،  ئەو قۆناغە دژوار و خەم‌و مەیناتیانەمان تێپەڕاندووەو دواجاریش بەسەركەوتوویی بەسەر تەگەرە‌و بەربەستەكاندا زاڵبووین، ئەمجارەش پشت بەخواو بەتوانا و جوامێری‌ پزیشك‌و كارمەندانی تەندروستی‌و لیژنە هاوبەشەکانی پارێزگارو قائیمقام و بەرێوەبەرە گشتیەکان واتە ( حکومەتی خۆجێی) و هێزەكانی ناوخۆو بەگشتی ‌و پێشمەرگەو دەزگاكانی راگەیاندن کەبەکۆ ناویان لێدەنێم ( ھێزە سپیەکە) بەسەر ئەو پەتایەدا زاڵ دەبین كە نەك هەر كوردستان، بەڵكو سەرانسەری جیهانی تەنیووەتەوە‌و رۆژ بەرۆژیش هەڕەشەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا رووی لە هەڵكشانە.

ئاماژەو ژمارەكانی كوردستان نیشانیدەدات كە لەرێگەی پرۆسەی خۆپارێزی‌و چارەسەرو بەرپرسیاریەتی راستەقینە لەبەرامبەر مەترسییەكان، هەنگاوی گەورە نراوەو كوردستانیان لە بەڵایەكی گەورە پاراستووە.

ئەگەرچی ئەرکە قورسەکە بۆ ھێزە سپیەکەیە، دەبێت بشزانین کەھەموان ئەرکمان لەسەرشانەو دەزانم ئەرکی ھەر یەکێکیشمان جیاوازە، ئەرکە ئاسانەکەی زۆرینەشمان لەئێستادا پابەندبوونە بەرێنماییەکان و لەماڵەکانماندا بمێنینەوە، دڵنیام هەموومان تێبینی و رەخنەی زۆرمان هەبووەو هەیە، كە ئەگەر لەكاتی خۆیدا گوێمان لێبگیرایە رەنگە ئێستا بەگڕوتینێكی باشتر و كەرەستەو دامەزراوەی گەورەوە روبەرووی ئەم پەتا كوشندەیە بوینایەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە پێناو یەكڕی دژ بەو پەتایەو پشتیوانیكردنی سەربازە ونەكانی بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگە، پشتیوانی هەموو جەنگاوەرە خۆنەویستەكانی دژ بە كۆرۆنا دەكەین و سوپاس‌و دەستخۆشی بۆ ئەو سەربازە راستەقینانەی رۆژو شەویان خستۆتە سەر یەك بۆ پاراستنی كوردستان‌و خەڵكەكەی.

دووبارە تكا لە هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەكەم، پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپاریزی‌و ئەركی ئەو جوامێرانەی كوردستان قورستتر نەكەن.

ئەزانم ماندوون، دڵتان تەنگە، گیرفانتان خاڵیە، روحتان ماندووە، بەڵام دەبێت  هەموومان چاومان لە خۆری هیواو سەركەوتنبێت ، ئەوەتا ھێشتا کەسانێک ھەن لەم کوردستانەدا کە پاروی خۆیان دابەش دەکەن بەسەر بێ نەوایاندا سوپاس بۆیان "ئێمە ئەوانە لەبیر ناکەین" دەبێت بشزانین کە بەو شێوەیە بەسەر ئەم دوژمنە نەبینراودا سەردەکەوین، چونکە ئەگەر دوێنی بەتەنها روبەرووی دوژمنانمان بوبێتێنەوە، ئەمڕۆ بەتەنها نین و هەموو جیهان لەگەڵمان و ئێمەش لەگەڵ هەموو جیهان دژ بەو پەتایە دەجەنگین و لەگەڵ مرۆڤایەتیدا ھەنگاو دەنێین.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
٢٤-٣-٢٠٢٠

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە