کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئایا نرخی نەوت توشی ڤایرۆسی (Covid-19) بووە؟!

.

01:02 PM - 21/03/2020

 

سەنار حمید و سەركۆ یونس

سیاسەتی سك هەڵگوشین (تقشف) و دەستگرتن بەپارەوكەمكردنەوەی زیادە خەرجییەكان كارێكی باشە و خۆپاریزیە لە كێشەكان بەتایبەتی لەدوای كەمبونەوەی گەشەی ئابوری جیهان بۆ نزمترین ئاست و دواتریش دابەزینی نرخی نەوت ...

لەماوەی ڕابردودا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزی كەئەم دابەزینە لە (20) ساڵی ڕابردودا هاوشێوەی كەم بووە، هۆكارەكان زۆرن بەڵام گرنگترین هۆكاری ڕاستەقینە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بە (Covid-19 ) بووە بەتایبەت لە وڵاتی چینی خاوەن ئابوری و بەرهەم و دواتریش لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبویەوە و كاریگەری ڕاستەوخۆی كردە سەر چالاكیە ئابورییەكان و بەشێوەیەكی توند ئابوری چینی توشی داتەپین كرد و سەرەنجام بوو بەهۆی كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت وبازارەكانی نەوت بەشێوەیەكی خێرا نزمترین ئاستی نرخیان تۆمار كرد كە (20) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بوو.

هاوكات هۆكاری سیاسی و روئیایی عەرەبستانی سعودی لە ئۆپیك بەتایبەتی لەدوای ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ ئەندامانی ئۆپیك و ڕووسیا بگەنە ڕێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو ئەمەش بووە هۆی كە سعودیە پەرچەكردارێكی نالۆژیكی بگرێتە بەر بڕێكی زیاتری نەوتی خاو بخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە سەرئەنجام بوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆنزمترین ئاست.ئەوەی ئاشكرایە سعودیە ئەیەوێ‌ نەوت وەك چەكێكی گرنگ و كاریگەر بەرامبەر ڕوسیا بەكار بهێنێت لە ئێستادا سعودیە یەكەم وڵاتی هەناردەكردنی نەوتە لە سەر ئاستی جیهان،ئەوەشمان لەبیر نەچێت كەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی دەرەكی لەگرنگترین ئەو كەرتە ئابوریانەن كە زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت..

دیارە بەردەوامی ئەم بارودۆخە تەنها پەیوەست نی یە بەململانێ ی سعودیە و ڕووسیا بەڵكو وەكو چۆن بەشێكی گرنگی هۆكارەكە پەیوەستە بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە بەداخەوە خەریكە هێواش هێواش ئابوری ئەوروپا دەگرێتەوە و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ لەچالاكی ئابوری سست دەكات بەگشتی و ئابوری ئەڵمانیا بەتایبەتی ، لەهەمان كاتدا خۆشبەختانە گوێ‌ بیستی هەواڵی تەندروستی مژەبەخش دەبین كە وڵاتان لە هەوڵداندان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێك كە ڕێگە بگرێت لە تەشەنەكردن و چارەسەركردنی توشبووان بەجۆرێك كێبڕكێ‌ دروست بووە لەنێوان وڵاتانی ئەمەریكا و چین و ئەڵمانیا و وڵاتە پێشكەوتوەكانی تر، هەرچۆنێك بێت بۆ ماوەكانی داهاتوو هیوادارین ئەم ڤاكسینە ئامادە ببێت و بكەوێتە بازارەكانی جیهانەوە و تاڕادەیەك ببێتە ڕێگر لەبەردەم تەشەنەكردن و بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ئابوری وڵاتان بكەوێتە سەر پێ‌ ی خۆی ووردە ووردە چالاكییە ئابورییەكان دەست پێ‌ بكرێنەوە بە گشتی و چالاكی كەرتی پیشەسازی وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان بەتایبەتی و ئەمەش ببێتە هۆی دروست بونەوەی خواست لەسەر نەوت و سەرەنجام بەرزبونەوەی نرخی نەوت .هەروەها هەردوو  وڵاتی ڕوسیا و سعودیەش بگەنە ڕێكەوتن لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوتی خاو و بازارەكانی جیهان سەقامگیری و هاوسەنگی بۆبگەرێتەوە ئەوەشمان لەبیر نەچێت داهاتی نەوت بۆ هەریەكە لە سعودیە و ڕووسیا بەشێكی گەورەی بودجەی ساڵانەیان پێك دەهێنێت و هەریەكەیان بەم بارودۆخە گەورەترین مەترسیان لەسەر ئابوری وڵاتەكەیان هەیە بەڵام گومانی تێدا نی یە هۆكاری سیاسی لەپشتەوەیە هەر بۆیە پێمان وایە هەردولا لە مەترسیەكانی ئەم بارە تێ‌ دەگەن و بۆیە ناكرێت بەردەوام ببن لەسەر ئەم سیاسەتەیان هیوادارین لە مانگەكانی داهاتوی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و نزیك ببێتەوە لە (50) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و داهاتی وڵاتانی نەوت فرۆش بەرزببَیتەوە و چالاكیە ئابورییەكان ئاستی بەرز تۆمار بكەن و مرۆڤایەتی لەم قەیران و نەهامەتیانە ڕزگاری ببێت .

هەرچی پەیوەستە بە ئابوری كوردستان بەداخەوە ڕەنگدانەوەی دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە كاریگەری خراپ و نێگەتیڤی قورستری دەبێت چونكە وەك ئاشكرایە حكومەتی هەرێم زیاتر (%90) پشتی بە نەوتی فرۆشراو دەبەستێت لەهەردوو سەرچاوەی دەست كەوتنی داهاتەوە جا چ لەرێگەی بەغداوە و بێت یان ئەو بڕە نەوتەی ڕاستەوخۆ خۆی ئەینێریتە بازاڕی جیهانی یەوە .لەڕاستدا فرۆشتنی نەوت بەنرخی (20) دۆلار بۆ هەربەرمیلێك بۆ ئابوری وڵاتانی خاوەن نەوت جێگای هەڵوەستە لەسەر كردنە و پێویستە ڕێگاچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و هەوڵ بدرێت كەمترین لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە بكرێت .هەربۆیە پێمان وایە پێویستە حكومەتی هەرێم بەجدی كار بكات هەتا هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم تووشی نەهامەتی و نارەحەتی و دەردی سەری نەبنەوە و چونكە چیتر هاونیشتیمانیانی هەرێم بەرگەی قەیرانێكی تر ناگرن و هەربۆیە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ فرە سەرچاوە كردنی داهات وبودجەی هەرێم بۆ ئەوەی لەم بارانەدا لەقەیران و كێشەكان باری سەرشانی سووكتر بێت و پێمان وایە لە ئێستادا حكومەت پێویستە كار بۆ كەرتی كشتوكاڵ بكات لەڕووی هاوكاری كردن و یارمەتیدانی جوتیاران هەر لەبەرهەمێنانی بەروبوم و پاشان ساغكردنەوەی لە بازاڕدا لەلایەك سەرچاوەی داهاتی خاوەن كار و جوتیاران زیاد دەكات و لەلایەكی ترەوە ئابوری هەرێم ووردە ووردە ڕوو دەكاتە خۆژێنی و پێداویستییە خۆراكیەكانی ناوخۆ هەر لەناو هەرێمدا دابین دەكات و هاوردەنی كەمتر دەكات و هەر ئەمەش ڕێگە دەگرێت لە چوونە دەرەوەی پارەی هەرێم بۆ دەرەوە و هاوسەنگی دەگەڕێتەوە بۆ تەرازووی پارەدان .

لەئێستادا مووچەخۆران و هاونیشتیمانیانی هەرێم لە دوبارەسەرهەڵدانەوەی قەیرانێكی دارایی و ئابوری تر دەترسن و كە گومانی تێدا نی یە ئەمجارە قورستر و گرانتر دەبێت چونكە گۆرانكارییەكانی هەمەچەشن و هەمە لایەنن و پەیوەست نی یە بە كەرتێكی ئابورییەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە