کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئاراستە جیاوازەكانی دوای راپەڕین

.

05:25 PM - 15/03/2020

 هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

پەیوەست بەمێژووی دوای راپەڕین، ئاستی خزمەتگوزاری و پلانڕێژی حكومەتی هەرێم بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، لای هاووڵاتیانی هەرێم بەسەر دوو ئاراستەی لەیەكتر جیاوازدا دابەشبووە، ئەو بەشەی شەقام كە بانگەشەی ئەوە دەكەن حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە تەنها بەردێكیش بخاتە سەر بینای خۆشگوزەرانی، زیاتر لەو ئاراستەیەدان كە لەژێر رۆشنایی بەرەی ناڕازی و بەتایبەتیتریش ئەو هێڵە گشتییەدان كە هەر لە بنەڕەتەوە بڕیاریانداوە بە هەموو شتێكی ئەم وڵاتە بڵێن نەخێر، هەر ئەم رەتكردنەوە رەهایەش دووچاری کورتبینی و هەڵەی گەورەی كردوون. وەك چۆن هەموو ئەوانەشی لە ژێر رۆشنایی ئەو ئاراستەیەدان كە پێیانوایە حكومەتی هەرێم توانیویەتی هەموو كارێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بكات، ئەمەشیان بە بارتەقای ئاراستەی یەكەم ناحەقی دەكەن و هەردوو ئاراستەكەش ئەوەندەی زیانیان لە قۆناغی گەشەكردنی ئەم وڵاتە داوە، هەرگیز ئەوەندە خزمەتیان پێشكەش نەكردووە. لە واقعیشدا تا ئەو كاتەی ئەم شێوازە لە رەش و سپی بوونی هەبێت، ناتوانین هەنگاوی گەورە و پێویست بنێین، ئەم وڵاتەی ئێمە پێویستی بەوەیە جارێكی تر شێوازی ئینتیما و خۆشەویستی تیادا گەش بكرێتەوە، لەبری ئەوەی تێروانینەكان بە چاویلكەی بەرژەوەندی ئەم و ئەو سەیر بكرێن، دەبێت بەرژەوەندیی گشتی و ئینتیمای راستەقینە بگەڕێتەوە هەموو شوێنێك، رێگای دروست بۆ ئەم كارە تەنها ئەوەیە، ئاراستەی سێیەم كەپێیوایە حكومەتی هەرێم لە دوای راپەڕین كاری باشی ئەنجامداوە، بەڵام پێویست بوو هەنگاوی گەورەتر بنێت، بكرێتە ئەولەویەت، چونكە ئەم شێوازە لە تێڕوانین تەواو دروستە و هەرگیز ئەم جۆرە شێوازە لە بیركردنەوە، رێگا بەوە نادات (یان هەموو یان هیچ) هەڵبژێری، بەڵكو لۆژیك تیایدا باڵادەستە و بە دەستێك پەیامی دەستخۆشانە و بەدەستێكی تریش ئارەزووی كاری باشتر تا ئاستی پێویستی درێژ دەكات، لە هەردوو ئاراستەكەشدا مەجالی گفتوگۆ و رێگاكانی گەیشتن بە قۆناغی باشتریش واڵا دەكات. لە هەموو ئەگەرێكیشدا ئومێدخواستن بۆ قۆناغی پێش راپەڕین یان بیناكردنی ئەو بۆچوونەی كە رابردوو بەو هەموو زوڵم و ستەم و نەهامەتییەوە وەك بەشێك لە هیواخواستن وێنا بكات، بەر لە هەر شتێك ئازاردانی گیانی پیرۆزی هەموو ئەو قارەمانانەیە كە رۆژگاری سەربڵندانەیان خستەنێو تۆماری مێژوو،شەرعییەتدانە بە تاوانی قێزەونی رژێمێك كە هەموو شێوازەكانی دڕندەیی تاقیكردەوە. كەموكورتی هەیە و نادادی لە زۆر شوێن گەشەی كردووە، هێشتا مافەكان وەك پێویست نەدراون و خەڵكی پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە، هەموو ئەو رەخنانە بەجێن، بەڵام هەرگیز هیچ یەكێ لەمانە، ناشێ هۆكاربن بۆ بەراوردكردنی ئەمڕۆ بە دوێنێ، چونكە دوێنی كۆتاییهاتووە، بەڵام ئەمڕۆ لە دەستی خۆماندایە و دەكرێ باشتری بكەین. لە باشووری كوردستان سەرباری هەموو تێبینییەك، هێشتا كەسانێك هەن خەمی داهاتوویانە، كەسانی ئاقڵمەند و دڵسۆز هەن، دەكرێ هەر یەكێ لەوانەی لەسەر ئەو بنەمایە دەڕواننە داهاتوو (كە حوكمڕانی لە هەرێم باشتر بكەن) لە ئێستاوە ئەركی گرنگیان پێبسپێردرێت و رەخنەكان بە هەند وەربگرن و دەستخۆشییەكانیش زیاتر بكەنە پاڵنەری گەشەكردنی زیاتر، چونكە ئەوەی لە بنەڕەتەوە لە رابردوو راپەڕینی خوڵقاند، تەنها هیوا بوو، ئومێدی یەكێتی و سەركردایەتییەكەی بوو بۆ قۆناغی رزگاری، بێگومان لە ئێستاشدا هەرتەنها ئومێد دەتوانێت حكومەتی هەرێم لەم قۆناغەوە بگوازێتەوە دۆخێكی تر و دەروازەیەكی تری ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەستپێبكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە