کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەركە قورسەكەی یەكێتی

.

08:03 PM - 19/02/2020

 

رێبوار ستار

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا بەچەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، چەند جاریش دووچاری هەڵكشان و داكشان بووە، هەمیشەش وەك هێزێكی كاریگەر مامەڵەی لەگەڵ كراوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆو چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، یەكێتی هەمیشە جێگەی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بووە و ئومێدێكی زۆریشیان پێیبووە كەلەئاست خواست و داواكارییەكانیاندا بێت.

ئەمە نەك تەنها لەسەردەمی حكومڕانیدا، بەڵكو لەسەردەمی شاخیشدا ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندابوون، بەهەوڵ و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك (مام جەلال) كەزۆرترین ئەركە قورسەكانی دەگرتە ئەستۆ، هەمیشە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی لەسەروی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیەوە دادەنا، بەواتایەكی تر هەمیشە یەكێتی دەبووە قوربانی لەپێناو خەڵكدا، تا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی ژیان بەسەربەرن، بەڵام لەدوای نەخۆش كەوتنی سەرۆك (مام جەلال) و بەتایبەتی تریش دوای ماڵئاوایی كردنی یەكجارەكی، وای كرد نەك دۆخی یەكێتی بەڵكوو دۆخی هەرێمی كوردستان و عیراقیش بەدوایدا تێكبچێت، چەندین گرفت و كێشە بەرۆكی هەرێمی كوردستان و عیراقی گرت, قەیران لەدوای قەیران بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دروست دەبوون، لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتیش لەو كاتەوە و تا ئەم دواییانەش دووچاری چەندین كێشەی ناوخۆیی بووە، هەندێك جار گەیشتووتە ئاستی لێكترازان و جیابوونەوە.

بەڵام سەر ئەنجامی هەوڵەكان توانرا یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەسەركەوتوویی ببەستێت، جگە لەدامەزراندنی ئەنجومەنێكی باڵا لە تێكۆشەرانی یەكێتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی یەكێتی، هاوكات ئەنجومەنێكی 124 كەسی بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردرا، هەروەها دیاری كردنی لیژنەیەكی تایبەت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دوای چەندین كۆبوونەوەی چڕ و پڕ هەمواركرایەوە، دواتر پەیڕەوەكە بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەندكرا، لەهەنگاوی دواتریشدا هاوسەرۆكانی یەكێتی بەدەنگدان هەڵبژێردران، بۆ ئەم ئەركەش هەریەك لەهەڤاڵان (لاهور شێخ جەنگی) و (بافڵ تاڵەبانی) دەستنیشانكران و دەنگی زۆرینەی ئەندامانیان بەدەستهێنا.

ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی لایەنگرانی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا بەرەو قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێت، كەئەركی هاوسەرۆكان و هەڤاڵانی یەكێتی قورس و سەخت تر دەبێت، وەك لەوتەكانیاندا هاوسەرۆكانی یەكێتی پاش هەڵبژاردنیانی ئاماژەیان پێدا، درێژە پێدەری ڕێبازی سەرۆك مام جەلال دەبن بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بن , لەخانووە قوڕەكانەوە دەستپێدەكەنەوە و یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵك ئاشت دەكەنەوە، ئەو ئەركەش دوای ئەو دۆخانەی پێشتر بەسەر یەكێتی هاتوون ئەركێكی قورس و گرانە.

لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەدەستپێكی قۆناغێكی نوێی خەباتدایە، وەپێویستە یەكێتی بگاتەوە ئەو ئاست و پێگە بەهێزەی جاران هەیبوو، تا لەو ڕێگەیەوە هاوسەنگی هێز بگەڕێنێتەوە و داكۆكیكارێكی سەرسەرختی بەدەستهێنانی مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت، ببێتەوە بەو چەترە گەورەی سەرۆك (مام جەلال).

پێویستە یەكێتی هەموو ئۆرگانەكانی خۆی بەشێوەیەكی هاوچەرخ ڕێكبخاتەوە ، یەكێتی دەبێت داكۆكیكار و پارێزەری مافی هاوڵاتیانی ناوچە دابڕێندراوەكان بێت و وەك پیشەی هەمیشەیی خزمەتكاری بەردەوامی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرە دێرینەكان بێت، یەكێتی دەبێت جارێكی تر و بەشێوازێكی نوێ قۆڵی خەبات و خزمەتكردنی لێ هەڵماڵێت، ئەم شێوازە نوێیەی خەباتیش بكاتە دەستپێكی جارێكی تر نزبكبوونەوە و بڕیاردان لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسیەكانی كوردستان و عیراق.

پێویستە لە رووی دیپلۆماتییەوە  یەكێتی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهان بنیاد بنێتەوە.

 بۆیە  لە ئێستاوە ئەركە قورسەكە دەستپێدەكات و لەم قۆناغە نوێیەی خەباتی یەكێتیدا پێویستە هەمووان پابەندی ئەو وتەیەی سەرۆك (مام جەلال) بین كە دەڵێت ((مانەوەمان, سەروەریمان, گەشەكردنمان بەندە بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە)) 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە