کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

‎خۆپیشاندانەكان عێراق بەرەو كوێ دەبات

.

02:43 PM - 11/02/2020

‎خۆپیشاندانەكان عێراق بەرەو كوێ دەبات
مەزن مەحمود عەبدوڵا

‎لە سەرەتادا خۆپیشاندانەكان بەمەبەستی چەند داواكاریەكێ سادە و ڕەوابوو كە خۆی لە دابینكردنی چەند مافێكی سەرەتایی وەك ( كارەبا ، ئاو ، چاككردنی ڕێگاوبان ، باشتركردنی كەرتی تەندروستی و زۆری بێكاری...) بەڵام پاش دەستێوەردانی لایەنە سیاسیەكان بەتایبەت ڕەوتی سەدر كە بە شێوەیەكی جیاواز لە هەموو خۆپیشاندانەكانی پێشوی عێڕاق و بەتایبەتی شاری بەغداد وەك پارێزەرێكی خۆپیشاندەران خۆی نیشاندەدا چونكە بەشێكی گەورەی خۆپیشاندەران لە هەواداران و دواكەوتوانی ڕەوتە ئیسلامیە شیعە مەزهەبیەكەی بوون ،  وەهەروەها دەست تێوەردانی دەرەكی ،
‎داواكاریەكانیان گۆڕدرا بۆ گۆڕینی حكومەت و دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران عادل عەبدول مەهدی و گوشار خستنە سەر حكومەتی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یاخود دانانی كەسێكی بێلایەن كە پشت ئەستور بێت بە گەلی عێراق و مل بۆ لایەنە سیاسیەكانی عێراق نەدات .

‎ئێستا محمد تۆفیق علاوی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ئەحمەد ساڵح  ڕاسپێردراوە لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا كابینەی حكومەتەكەی پێكبهێنێت ، حكومەتەكەی عەڵاوی هێشتا ڕانەگەیەندراوە و هەر لە سەرەتاوە ناكۆكیەكی زۆر لەسەر شێوازی پشك پشكێنەی حزبەكان لە حكومەتدا هەیە و هەچ لایەنە و هەوڵدەدات كە زۆرترین دەستەڵاتی لە حكومەتەكەی عەلاویدا هەبێت ، بەڵام سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بڕیاری داوە لە دەرەوەی ئەم ڕێڕەوە كار بكات و شێوازی هەڵبژاردنی كابینە نوێیەكەی خۆی بگۆڕێت و حكومەتێكی تەكنۆكراتی دابمەزرێنێت و هەموو ئەوانەی لە كابینەكەیدا بەشداری دەكەن خودی خۆی دیاریان بكات و دووربێت لەو ڕێڕەوە كۆنەی هەموو حكومەتەكانی پێشوی عێراق پیایدا ڕۆشتوون.

‎تا ئێستا ناڕەزاییەكان بەردەوامن،  ڕەوتی سەدر كە بە (كڵاوشینەكان) خۆیان ناساندووە
‎بە شێوەیەكی ئاشكرا دژایەتی خۆپیشاندەران دەكەن و توندوتێژی كەوتۆتە نێوانیان و چەندین كوژراوو برینداری لێ كەوتۆتەوە و چاندان كەسیش بێ سەروشوێنن ، كە دەتوانرێت وەك شەڕێكی تایەفەگەری ڕانەگەیەنراوی نێو ماڵی شیعە سەیر بكرێت.

‎پرسەكە ئەوەیە دوای سەدر كێ سەرپەرشتیاری خۆپیشاندەران دەكات و بۆ كوێیان دەبات؟

‎ئومێدی یەكەم ئەوەیە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بتوانێت ببێتە موسایەك تا جادووی سیاسیەكان و دەستوەردانی دەرەكی پوچەڵ بكاتەوە و بە دارەكەی دەستی دڵی خۆپیشاندەرانیش ڕازی بكات

‎ئومێدی دووەمیش ئەوەیە كە مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان سەماحەتی ئایەتوڵا علی سیستانی بە فتوایەك پشتگیری حكومەتەكەی محمد تۆفیق علاوی بكای و داوا لە خۆپیشاندەران بكات كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن

‎ئەوەی كە لە ئێستادا جێگای ترس و نیگەرانی لایەنە سیاسیەكانی عێراقە بەتایبەت ڕەوتی سەدر و ڕەوتی حیكمەی وەتەنی و لایەنگرانی هادی عامری و لە هەمووشیان زیاتر كورد و سوننەكانی عێراق، ئەوەیە خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبستێنێت و ببێتە هۆی لەكەدار كردنی شێوازی حوكم ئێستای عێراق كە ( كۆماری ، دیموكراتی، پەرلەمانی، فیدڕاڵییە) ئەمەش ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەولایەنانەی كە داوای حوكمی سەرۆكایەتی دەكەن لە شیعە، وەك لایەنگرانی نوری مالكی كە بۆ
‎ماوەی دووخولی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو ، خولێكیش لەلایەن حەیدەر عەبادی یەوە كە سەر بە هەمان ڕەوت و حزب بوو، نەكا ببێتە هۆی گۆڕینی شێوازی حكومڕانی لە عێراق و پاش زیاتر لە ١٧ ساڵ لە عێراقی فیدراڵ دووبارە بگەڕێتەوە بۆ دەستەڵاتی دیكتاتۆریەت، بەڵام ئەمجارە بە شێوازێكی تر و بە مەزهەبێكی تر بەهۆی ئەوەی زۆرینەی عێراق شیعەیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە