کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆچی سوننەكان ترسیان لە ڕۆیشتنی ئەمەریكا هەیە؟

.

03:30 - 10/02/2020

شاناز هیرانی

 لەناو كۆمەڵگەی سوننیدا، ترس و نیگەرانییەكان زۆرن لە ڕۆیشتنی هێزەكانی ئەمەریكا لە خاكی عێراق پاش بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی، كە حكومەتی پابەند كرد بە دەركردن و بە نەبوونی هیچ هێزێكی بیانی لەناو خاكی عێراقی بە هەر هۆكارێك بێت.


وەك ئاشكرایە پێشتر حزبە شیعەكان بە شێوەیەكی سەرەكی تەبەنیی ئەو بڕیارەیان كرد بە ئامادەبوونی تەنیا پێنج نوێنەری سوننی و ئامادەنەبوونی هیچ ئەندام پەرلەمانێكی كورد. تەنیا دەنگی یەك نوێنەری سوننیش لەناو هۆڵەكە بیسترا، ئەویش: ئەحمەد مەدلول جەریا، لە پارێزگای نەینەوا و سەر بە عەشیرەتی شەمر، ئەو عەشیرەتەی لەگەڵ داعش لە شەڕدا بوو. لەو دانیشتنەدا ئەحمەد وتی: من وەك دانەوەی چاكەیەك كە لە لایەن ڕۆڵەكانی ناوەڕاست و باشووری (شیعە) و فەتوای جیهادكردن دژی داعش لە لایەن مەرجەعی باڵا عەلی سیستانی، دەنگ دەدەم بۆ دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكا.


لە بەرامبەرادا جەریا چەندین پرسیاری وروژاند، یەكێك لەوانە ئایا هێزەكانی عێراق توانای پاراستنی ناوچە سوننیەكانی هەیە دژی داعش؟ ئایا گەر هێزەكانی ئەمەریكا چوونە دەرەوە لە عێراق دووبارە ئێمە ناكەوینەوە بەر هەڕەشە و ڕەحمەتی تیرۆریستانەوە؟


چونكە ترسی هەرە گەورەی سوننەكان لە ڕۆیشتنی هێزەكانی ئەمەریكا پەیوەستە بە (نەبوونی متمانە) بە هێزەكانی عێراقی ئەگەر دووبارە داعش بووەوە هەڕەشە. چونكە هەر كاتێك سوننەكان ئەگەر هەڵوێستی ڕوونیان دەنواند لە هەمبەر ئەو پرسە ئەوا بە (بە بەكرێگیراو) ناودەبران، بۆیە سوننەكان هەمیشە هەوڵ دەدەن پاساو بە گەڕانەوەی داعش بهێننەوە بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا.


دیارە پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و سوننەكان هەر لە ساڵی 2003ـەوە تا ڕۆیشتنیان لە 2011 پشێو و ئاڵۆز بوو. ژینگەی سوننەكان بۆ ئەمەریكا لەبار نەبوو، بەڵام پاش بەدیاركەوتنی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سوننییەكان لە 2014، سوننەكان هەستیان كرد بێ‌ پاڵپشتی سەربازی هیچیان پێ‌ ناكرێ‌. بۆیە بژاردەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایان پێ‌ باشتر و پەسەندتر بوو. سوننەكان هەوڵ دەدەن بە ڕێگەی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی) كە ئەمەریكا سەرپەرشتیی دەكات دژی داعش حكومەتی عێراقی ڕازی بكەن بە زەرورەتی دەرنەچوونی ئەمەریكییەكان. محەمەد حەلەبووسیش بزوێنەری ئەو هەوڵانەیە تا ئێستا. حەلبووسی بەو پێیەی سەركردایەتیی لایەنە هەرە گەورەكەی سوننییەكان دەكات كار بۆ پاساو و بیانو دەكات بۆ هێشتنەوەی ئەو هێزانە. شێلگیرانەش هەوڵ دەدات هەوڵەكانی شیعەكان پووچەڵ بكاتەوە.


هەرچەندە پێشتر لەناو خودی سوننە ئاڕاستەی تر هەبوون و دابەش ببوون بۆ سەر چەند ڕاو بۆچوونێك بۆ مانەوەی ئەو هێزانە. كە زیاتر پەیوەندیی بە كێشە و ناكۆكیی ناوخۆی سوننەكانەوە هەیە. واتە جیاوازی و ناكۆكیی كۆنی نێوان ئەو لایەنە سوننییانە. بەڵام بەم دواییانە هەموویان كۆك بوون لەسەر مانەوەی هێزی ئەمەریكا و ترسی گەورەیان لە میلیشیای شیعە و داعش هەیە. پێیان وایە مانەوەی هێزی ئەمەریكا لانی كەم دەیانپارێزێ‌ لە هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ناوچە سوننەنشینەكان.


بۆیە بنكە و بارەگاكانی هێزە ئەمەریكاییەكانیش زیاتر لە شار و ناوچە سوننییەكان بەدی دەكرێن. وەك بنكەی (عین الاسد) لە ئەنبار و (بلد) لە پارێزگای سەڵاحەدین و (القیارە) لە نەینەوا.


هەرچەندە زۆرێك لە سیاسەتوان و چاودێران پێیان وایە لە كاتی ئێستادا گرووپە شیعەكان نایانەوێت پەلاماری سوننیەكان بدەن یان مامەڵەیەكی خراپیان لەگەڵدا بكەن، بەڵكوو ئەوان تەنیا پلانە ستراتیژەكەی ئێران جێ‌بەجێ‌ دەكەن و لەسەر ڕوئیا و ئەجێندای ئەوان دەڕۆن، كە عێراق بە ڕێرەوێكی كورت و سەرەكی دادەنێت بەرەو دەریای ناوەڕاست بە ڕێگەی سوریا و ڕەنگە بۆ لوبنانیش.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat: 12728 27500 V

Hotbird: 112962 27500 H

سەرەوە