کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

2020 ساڵی بێ‌ بودجە...... !

.

02:02 - 25/01/2020

2020 ساڵی بێ‌ بودجە...... !
سەركۆ یونس


كۆتاییەكانی ساڵی (2019) لە عێراق دا بەوپەڕی نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری گوزەری كرد كە تێدا كابینەكەی دكتۆر عبدالمهدی دەستی پێ‌ لەكاركێشرایەوە و حكومەتەكەی بووبە كاربەڕێكەر و لەچاوەڕوانی ڕێكەوتنی لایەنەكان و شەقامدا بۆ كاندیدكردنی كەسێك كە مەرجی هەمووی لایەكی تێدا بێت عێراق بەم بارودۆخەوە پێ‌ ی خستە ناو ساڵی (2020) ەوە، هەموو لایەك بەگشتی و كورد بەتایبەتی ئومێدی زۆری بەم كابینەیە هەبوو و تاڕادەیەكی باش بەرەوپێشچوون و لەیەك گەشتن هەبوو لەنێوان هەولێرو بەغدا بەتایبەت لەڕووی كێشەكانی نەوت وباجی گومرگی و پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقەوە بۆ ساڵی دارایی (2020).
كابینە دەست لەكاركێشراوەكەی دكتۆر عبدالمهدی لەكۆتای ساڵی ڕابردودا توانی ڕەشنوسی پرۆژەی بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بكات و ئامادەبوو بینێرنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی بەڵام بەهۆی ئەو ڕووداوانەی كەلە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردو ڕوویاندا كە زیاتر بەهۆی داواكاری خۆپیشاندەران و ڕێكنەكەوتن لەسەر كەسێك كە پەسەندی مەرجەعیەت و شەقام و لایەنە سیاسیەكان بێت و ناكۆكی ئەمەریكا و ئێران و كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس نەتوانرا پرۆژەكە بنێرێتە پەرلەمان هەرچەندە ناردنی پرۆژەی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان ئەم كابینە كاربەڕێكەرە دەیتوانی بیكات چونكە ئەنجومەنی وەزیران چەند ڕۆژ پێش دەست لەكاركێشانەوە پرۆژەكەیان پەسەند كرد بوو.
بەپێ‌ ی سەرچاوە حكومیەكان بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی (2020) بڕەكەی لە نێوان (140 بۆ 145) ترلیۆن دینار دەبێت واتە نزیكەی (135) ملیار دۆلار ، وە كورتهێنانی پێشبینی كراو بە نزیكەی (40) ترلیۆن دینار دادەنرێت واتە نزیكەی (32) ملیار دۆلار، بۆ دابین كردنی ئەم بودجەیە حكومەت پشتی بەستوە بە (%93) داهاتی نەوتی فرۆشراو.كە پێویستە ڕۆژانە عێراق بڕی (3.800) سێ‌ ملیۆن و هەشت هەزار بەرمیل ڕەوانە بكات و بەشی هەرێم لەو ڕێژەیە (250) دوو سەد و پەنجا هەزار بەرمیل بێت ڕۆژانە لەڕێگەی سۆمۆوە ڕەوانە بكرێت.نرخی نەوتیش بۆ هەر بەرمیلێك بە (53) دۆلار دانراوە ...
بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت و مەترسی یە بۆ حكومەت و دەوڵەتی عێراق ئەگەرێكی زۆر هەیە ساڵی (2020) عێراق پرۆژە یاسای بودجەی نەبێت و كاروچالاكی پرۆژە ئابوری و خزمەتگوزاری و بازرگانی و وەبەرهێنان لەم ساڵەدا نەبێت و تەنها حكومەت دەتوانێت بەپێ‌ ی یاسای بودجەی (2019) كار بكات واتە یەك لەسەر دوازدەی بودجەی گشتی بەو مانایە حكومەتی عێراق جگە لە خەرجیە ئاساییەكانی وەك مووچە ناتوانێت دەست بخاتە ناو بودجەی گشتیەوە یان حكومەت دەتوانێت بەشێوەی قەرز لە بودجەی گشتی پارە خەرج بكات بۆ پرۆژە پێویستیەكان و مووچە هەتا ئەو كاتەی بودجەكە لەپەرلەمان پەسەند دەكرێت .
لەلایەكی تریشەوە گومان لەوە دەكرێت كە دكتۆر عبدول مەهدی نایەوێ‌ ڕەشنووسی بودجەكە بنرێتە پەرلەمان بە هەموو ئەو كەموكوڕیانەوە كە لە بودجەكەدا هەیە بەگشتی و بەتایبەت ئەو كورتهێنانە زۆرەی كە بەنزیكەی (40 بۆ 48) ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە لەبەرئەوە سەرۆك وەزیران نایەوێ‌ ئەم مەترسیە بیخاتە سەر شانی خۆی هەر بۆیە دوای خستوە بۆ كابینەی نوێ‌.ئەمە لە كاتێكدا عێراق (127) ملیار دۆلار قەرزاری دەرەوەیە و ناتوانرێت لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگەی بكرێتەوە و بارگرانیەكی گەورەیە بەسەر دارایی و ئابوری عێراقەوە ئەگەر هەوڵی دانەوەی نەدرێت ئەوا ساڵانە بەهۆی زیادبونی سوودی قەرزەكەوە بڕەكە گەورەتر دەبێت و بارگرانیەكە قورستر دەبێت.
هەر بۆیە پێشبینی دەكرێت عێراق خراپترین بودجەی هەبێت و ساڵێكی مەترسیدار دەبێت بۆ سەرجەم عێراقییەكان و چونكە لەلایەك دەنگی نارەزایی شەقام هێشتا وەڵامنەدراوەتەوە و كابینەی نوێ‌ پێكنەهێنراوە و فەوزایەكی سیاسی و ئابوری دەگوزەرێت لەعێراقدا دەنگی میلیشیا زاڵتر بەسەر دەنگی حكومەتەوە و لەبەر ئەم هۆكارانە و چەندینی تر بەهیچ شێوەیەك پێشبینی باش بەدی ناكرێت لەڕووی داراییەوە بۆ عێراقی ئایندە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat: 12728 27500 V

Hotbird: 112962 27500 H

سەرەوە