کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پڕۆژەی چاكسازی و كاردانەوەی شەقام

.

03:47 PM - 23/01/2020

هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

دواجار پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند كرد و لە رۆژانی داهاتووشدا سەرۆكی هەرێم یان واژۆی پڕۆژەكە دەكات، یان جارێكی تر ئەم پڕۆژەیاسایە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە، ئێمە لێرەدا نامانەوێت كەم یان زۆر باسی چۆنێتی پڕۆژەكە بكەین، ئەم پڕۆژەیە هەرچۆنێك بێت هەنگاوێكی باشە بۆ ئەم قۆناغە، كە دەكرێت بۆ داهاتوو كاری تری جددی بە ئاراستەی پڕۆژەی تری چاكسازی بخرێتە كارنامەی پەرلەمانەوە، تاوەكو لانی كەمی بەشێكی زۆری ئەو نادادییەی كە لە هەرێم هەیە كەمبكرێتەوە، كە هەمووان وەك یەك بە رەچاوكردنی (زۆر یان كەم) تیایدا بەرپرسن. لەم قۆناغەدا ئەوەی گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارەیە، لە كاتی بینینی هەنگاوێكی لەم چەشنەدا ئەم هەموو موزایەدەیە چییە لەناو هۆڵی پەرلەماندا؟ كاردانەوەكانی شەقام بۆ لەم ئاستەدان؟ هەموو ئەوانەی رەخنە لە پڕۆژەیاساكە دەگرن، خۆیان دەزانن پڕۆژەكە چییە و چۆنە و ئیجابیاتەكانی چین؟ بێگومان وەڵامی هەموو ئەوپرسیارانە و زۆر پرسی تریش تەنها ئەوەیە نە ئەوەی لە هۆڵی پەرلەمان گوزەرا هەمووی بۆ خەمی خەڵكە و نە هەموو ئەوانەشی بەشێوازی جیاجیا پڕۆژەكە رەتدەكەنەوە، ئاشنای ورد و دروشتی هەنگاوەكانی چاكسازین، بەڵام ئەم دۆخەش لە (موزایەدە و هەڵچوون) هەروا بێ هۆكار نییە، چونكە ئەو دۆخەی لە چەند ساڵی رابردوودا هەندێ لایەنی سیاسیی هەرێم خوڵقاندیان، هۆكاری گرنگە ئەمڕۆ هەر خودی ئەو لایەنانەی كە لە رۆژگارێكدا ئەم شێوازە لە هەڵچوون و موزایەدەیان بە خەڵكی دەفرۆشتەوە و بەشێكی هاووڵاتیانیان فێركرد كە بە هەموو هەنگاوێكی حكومەت بڵێن نەخێر (تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی داهاتووی هەرێمیش بێت) خۆیان زیاتر لە هەر لایەنێكی تری سیاسی هەرێم ئێستا گیرۆدەی ناڕازییەكانی شەقامن و نازانن بە چ شێوازێك هاووڵاتیانی هەرێم تێبگەیەنن، كە سەرباری تێبینی، هێشتا پڕۆژەیاساكە دەكرێت بە ئومێدەوە سەیربكرێت، ئەوانەی دوێنێ هۆڵی پەرلەمانیان كرد بوو بە سەكۆی كێشكردنی دەنگی خەڵك، ئێستا خۆیان ناتوانن ئەو دەنگانە كپ بكەنەوە كە هەر لە بنەڕەتەوە لە خۆیانەوە فێربوون، ئەم شێوازە لە مامەڵەكردنی نادروست بە خەباتی پەرلەمانی بە شەقام بفرۆشنەوە و لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش بیكەنە هۆكاری بازاڕگەرمی و كۆكردنەوەی بەشێكی تری دەنگدەرانی هەرێم. ئێمە كە لە قۆناغێكدا بە دەنگی بەرز رەخنەمان لەم شێوازە لە كاركردنی پەرلەمانی دەگرت، خەمی ئەمڕۆی كوردستانمان بوو، ئێمە ئەو كاتیش پێمانوابوو ئەوەی دەگوزەرێت تەنها هەڵچوونێكی كاتییە و بە نەتیجە پێشڕەوانی ئەو قۆناغە خۆشیان لە قۆناغێكی تردا گیرۆدەی دەستی ئەم شێوازە لە كاركردن دەبن، بێگومان دوای زیاتر لە 10 ساڵیش، ئێستا ئەوەی دەبینرێت، رێك ئەو سەرەتای دروستبوونەی ئەوانە كە ئەو كات هەموو كارێكیان دەكرد تاوەكو ئەو بەشەی شەقام دژی هەر چەشنە هەنگاوێك تیژ بكەن، كە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان ئامانجی جێبەجێكردنی بوو. ئەو كات و ئێستاش قەناعەتمان وایە هەموو دروستبوونێكی نا تەندروست بە هەنگاوی نابەجێوە رێدەكات و سەرەنجامیش تەنها بچووكبوونەوە و كەنارگیركردن دەبێتە بەشێكی دانەبڕاو لێی، چونكە ئەزموون فێرمان دەكات كە ئەوەی تاوەكو دوێنێ ئامانجی بوو پرسیار بخاتە سەر هەر هەنگاوێك، ئەمڕۆ خۆی ناتوانێت پاسا و بۆ دەست بەرزكردنەوەكەی ناو هۆڵی پەرلەمانیشی بێنێتەوە. سەیر ئەوەیە ئەو كەمینەیەی ناو ئەم خولەی پەرلەمانیش، بە تولەڕێیەكدا رێدەكات كە ئەزموونی پێشتری كەسانی تریان بینیوە، خۆیان كە لە بنەڕەتەوە خوێندكاری ئەو قۆناغەی پەروەردەی ئەوانن، دەبینن كە سەرەنجامی ئەو لایەنانە لە سایەی ئەم شێوازە لە تێگەیشتن لە ئۆپۆزسیۆنبوون بەچی گەیشت، بەڵام هێشتا هەر لەسەر ئەم شێوازە لە كاركردن بەردەوام دەبن، ئەمەش سەرەتا و دەستپێكی هەموو گرفتەكانە، كە بە داخەوە ئۆپۆزسیۆن چونكە بە ناتەندروستی لەدایك بوو، ئیدی دەبێت هەموو ئەوانەشی بەناوی ئوپۆزسیۆنبوونەوە دەنگ كۆدەكەنەوە، هەروا بەم شێوازە بەردەوام بن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە