کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەریتانیا و بژاردەکانی بەردەمی

.

04:18 PM - 16/01/2020

رۆژی 12/12/2019 لە بەریتانیا هەڵبژاردنێکی پێش وەخت ئەنجامدار، بە پێی زۆربەی چاودێرانی سیاسیش بێت، ئەم هەڵبژاردنە مێژوویی و یەکلاکەرەوە بوو، لە هەمووشی گرنگتر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکەش مایەی سەرسوڕمان بوو، چونکە بە پێی زۆربەی میدیاکان بوایە، دەبوایە پارتی پارێزگاران شکست بهێنن و بۆریس جۆنسۆنیش دەبێت بگەڕێتەوە ماڵەوەو کۆتایی بە ژیانی سیاسی بهێنێت، بەڵام وا دەرنەچوو، بگرە پارتی پارێزگاران زۆرترین دەنگیان هێنا. لەهەمانکاتیشدا شانسی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا زۆرتر بوو، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەم هەڵبژاردنە شانسێکی تر دەداتەوە بە گەلی سکۆتلەندا، تاوەکو بە خەونی سەربەخۆیی خۆیان بگەن.

دەرئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو
لەم هەڵبژاردنەدا پارتی پارێزگاران زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و لە 43% دەنگەکانی بردەوەو ژمارەی کورسییەکانی گەیشتە 365 بەمەش زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا. جێگەی ئاماژەیە کۆی گشتی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەریتانیا 650 کورسییە. لە پاش ئەویش پارتی کرێکاران دێت کە 32% دەنگەکانی بەدەستهێنا و 203 کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت، ئینجا پارتی سکۆتلەندی 48 کورسی، بە پلەی چوارەمیش پارتی لیبراڵی دیموکراتی دێت کە 8 کورسی هێناوە. هەروەها پارتی شین فینی ئێرلەندیش 7 کورسی هێناوە.

سەرکەوتنێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوە
ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو پارتەکان یەکلاکەرەوە بوو، بەتایبەتی پارتی پارێزگاران کە لە پاش پرۆسەی بریکسیتەوە لە ساڵی 2016 ، رووبەروی تەنگەژەیەکی گەورەی سیاسی بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەناو پەرلەمانی بەریتانیا زۆرینەی نەبوو، هەمووکاتێک پرۆژەکانی دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا، رووبەروی رەتکردنەوە دەبوویەوە. ئەم سەرکەوتنەش رێگای خۆشکرد بۆئەوەی پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتی بۆریس جۆنسۆن، نەخشە پلانی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێبکات.

رازیبوونی پەرلەمان بە نەخشە پلانی بریکسیت
لە 9 ی ئەم مانگەدا پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، بڕیاری لەسەر نەخشە پلانی حکومەت دا ، بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا، لە پرۆسەکە 330 دەنگ رازیبوون و تەنها 231 ئەندامیش دژ بوون. بەمشێوەیەش جۆنسۆن سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و نەخشە پلانەکەی بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا، دەچێتە وباری جیبەجێکردنەوە.

پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا
راستە بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەردەچێت، بەڵام کۆمەڵێک پرسی گرنگی وەکو « بازاڕ و بەرژەوەندی هاوبەش، دۆسێی ئەمنی و دژایەتیکردنی تیرۆر و کۆچبەران و بوونی هاوڵاتییان لەهەردوولا» بە یەکترییەوە دەیانبەستێتەوەو هەر وا ئاسانیش نییە ، بەریتانیا بە یەکجاری واز لە یەکێتی ئەوروپا بهێنێت.

بەهێزبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا
ئەم رەوشە نوێیەی بەریتانیا، رێگاخۆشدەکات بۆئەوەی هێندەی تر بەریتانیا لە ئەمریکا نزیک بێتەوەو لە یەکێتی ئەوروپاش دووربکەویتەوە ئەمەش بە دڵی ئەمریکییەکانە، چونکە لە لایەکەوە بەریتانیا کە یەکێکە لە دەوڵەتە مەزنەکانی جیهان، ناچار دەبێت هێندەی تر بچێتە ژێر دەواری ئەمریکاوە، تاوەکو پارێزگاری لە پێگەی ئابووریی و سیاسیی و سەربازی خۆی لە جیهاندا بکات. لە لایەکی تریشەوە دەرچوونی بەریتانیا، درزێک دەخاتە ناو یەکێتی ئەورپاوە، کە ئەمەش بە دڵی ئەمریکایە، چونکە نایەوێت یەکێتی ئەوروپا هێندە بەهێزبێت و ببێتە نەیاری.
شانسێکی تر بۆ گەلی سکۆتلەندا
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر لەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو، پارتی سکۆتلەندا زۆرینەی کورسییەکانی هەرێمی سکۆتلەندای بەدەستهێنا و ژمارەی کورسیەکانی گەیشتە 48 ، بەمشێوەیەش شانسی ئەوە دادەتەوە سکۆتلەندییەکان کە جارێکی تر ریفراندۆمێکی تر بکەن و شانسی سەربەخۆییان لە بەریتانیا نزیک بێتەوە، چونکە گەر بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەربچێت، ئەوکاتە سکۆتلەندییەکان دەتوانن سەربەخۆیی وەربگرن و بچنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە. لە لایەکی تروە لەجیاتی ئەوەی یەکێتی ئەوروپا دژیان بوەستێتەوە، پشتگیریان دەکات، چونکە لە ریفراندۆمی یەکەمدا، یەکێتی ئەروپا دژی ریفراندۆمەکە بوون، ئەمەش دوودڵی لای سکۆتلەندییەکان دروستکرد. هەرچەندە ئەمەش هێندە ئاسان نییە ، بەڵام شانسێکی باشتریان پێدەدات.

ئایا دەتوانێت بە تەنها وەکو زلهێزێک بمێنێتەوە؟
لە ئێستادا لە بەریتانیا و تەواوی جیهاندا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایا بەریتانیا بە بێ یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت وەکو زلهێزێکی جیهانی بمێنێتەوە؟! هەندێک پێیان وایە بەریتانیا بە تەنها ناتوانێت وەکو زلهێزێکی جیهانی رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونکە لە ئێستادا کۆمەڵێک زلهێزی بەهێزی جیهانی هەیە بەتایبەتی جەنگەکە لە نێوان « ئەمریکا ، چین، روسیا، یەکێتی ئەوروپادا» هەیە، زۆر زەحمەتە بۆ بەریتانیا لە ناو ئەم هەموو زلهێزە بەهێزەی جیهاندا بتوانێت، رۆڵی خۆی بگێڕێت. لەبەرئەوە بە ناچاری دەبێت بچێتە ژێرباری یەکێک لەو زلهێزانەوە. هەندێکی تر بەگەشبینییەوە سەیری داهاتووی بەریتانیا دەکەن و پێیان وایە، دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا ، لە رووی ئابوروی و سیاسییەوە بەریتانیا بەهێزتر دەکات و دەستی واڵا تر دەبێت و هێندە ملکەچی بڕیارەکانی برۆکسل نابێت.

دوا قسە
بە دڵنیاییەوە وەکو زۆربەی چاودێرانی سیاسی بەریتانی و جیهانیش دەڵێن، بەریتانیا لە ئێستادا بەرەو قۆناغێکی مێژوویی گرنگ هەنگاو دەنێت و داهاتووی خۆی دیاری دەکات. لەمەشدا تەنها مێژوو خۆی دەتوانێت وەڵامی راستی و هەڵەی ئەم بڕیارەی بەریتانییەکان وەڵامان بداتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە