کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەرەو چیا دەچم - هاوژین زیبا

.

03:59 PM - 16/01/2020

دێم بەرەو سروشت و جوانیت، بەرەو شاخ و دۆڵ و هەردت،  دێم و سروشتی جوان و سپیێتیی بەفر و بەرزی چیا لە چاوی پڕ هێز و حەسرەتی ئازادیی تۆوە دەبینم. دەمەوێت لە چاوی تۆوە بۆ ژیان بروانم. جوانیەكانی، سەختیەكانی، لە چاوە رەنگامەكانی تۆوە ببینم. دێم و هەڵدەمژم شنەی بای كوێستانت، لێت فێر دەبم وەفا و ڕاستگۆیی و كۆڵنەدانت. دەڕوانم بۆ دەشت و دەری سپیی بە بەفر داپۆشراوت.  چی دەبینم ؟ هەر درەختێكی جوانی تینوو شكاوی خوێنی شەهیدێكە. هەر گەڵایەكی شاهێدی ڕەنجێكە؛ هەر دیمەنێكی نیگای چاوەروانی منداڵێكی نیشتیمانە. دەروانم و دەپرسم: چەندە مرۆڤی جوان و عاشق و دڵ پڕ لە هیوا و ئامانج دەژین و ئامادەی شەهید بوونن!  دەبینم. هەموو شتێك بێ‌سرتەیە و لەگەڵ پروشەی بەفردا ئاوێزانە، سروشت هاوئاهەنگە ؛ مەل و ئاسك و سمۆرە و داربەڕو و تۆ، هەمووان پێكەوە دەژین و شاهێدی جوانیەكانی یەكدین. شیرین، ڕاستگۆ وەكو خۆت، ئەم ڕێگایە دەمهێنێت بۆ جیهانێكی جیاواز. دەزانم  لێرە ڕانایەم لەگەڵ سەختیدا و تۆش بێباكانە چەشنی بەڕوو بەرامبەر سەرما و شەختە وەستاوی.  دەنگ و هەناسەی من بەم سەرمایە هەڵدەلەرزێ و، ئارامی و ئیرادەی تۆ، لەم  كەشە سەخت و سپیەدا سەرسامم دەكات.

دێم و چایەكت لەگەڵ دەخۆمەوە. ئەم سەرمایەی هەناسەمان دەكات بە هەور، دوو دنیاین كە بۆ یەكتر  پێدەكەنین. دەزانم لێرە ناتوانین چاوپۆشی لە بچوكتری هەڵە بكەین، هەر هەڵەیەك دەكرێت ببێتە هۆی شەهیدبوونی مرۆڤێك، مەرگی باڵندەیەك، ئاژەڵێك، یاخود گوڵێك...  بۆیە بۆ  باشترین و زیندووترین كاتەكانی ژیان ئامادەم. بە تینوێتی روبارێكی وشك هەڵاتووی هاوینی گەرمیانەوە هاتووم: لێرە تینووێتیم بۆ ئازادیی خاك دەشكێت، تینوێتیم بۆ  یەكسانیی ڕەگەزی. دەمەوێت تامەزرۆیی خۆم بۆ ئەو خۆراگرێت بنووسمەوە. لە چاوی گەنجەكانتدا هەست بە گەورەیی ئامانجەكەیان دەكەم. تامەزرۆی بێباكییانم. بێباكیی بەرامبەر بە هەر سەختی و مەترسییەك؛ تامەزرۆی خشەی هەنگاوەكانیانم لەسەر گەڵاو خاكێك كە بە روحیان ئەیژێنن و دەیپارێزن، لێرە ژیان هەر ساتێكی واتای خۆی هەڵگرتووە،  دار و بەرد و تەلانی، ئاسۆی ژیانێكی شكۆمەندی لە باوەش گرتووە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە