کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لیژنەی دەستپاكی داوای راگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێم دەكات

.

06:44 PM - 15/01/2020

لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عیراق نوسراوێكی بەپەلەی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق نارد‌و تیایدا داوایكردوە هەموو پارەداركردنێكی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت، بەو پێیەی حكومەتی هەرێم ئامادە نییە داهاتی نەوت‌و غاز تەسلیمی بەغدا بكات.
ئەمڕۆ لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عیراق نوسراوێكی بەپەلەی بۆ نوسینگەی وەزیری دارایی عیراق ناردوە‌و تیایدا ئاماژەی بەوەكردوە: بەپێی دەقی ماددەی 27ی یاسای كارگێڕی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 كە لە 1ی 1ی 2020وە بەركارە، (وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە بڕینی ئەو بڕە پارەیەی كە دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتەكان ‌و هەرێم ‌و پارێزگاكان، ئەگەر داهاتی نەوت ‌و غاز ‌و داهاتەكانی تر نەنێرن بۆ گەنجینەی دەوڵەت).
لەبەر ئەوە دەبێت وەزارەتی دارایی پابەندبێت بە ڕاگرتنی خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان، لەوانەش ئەو پارەیەی بەپێی هاوكێشەی یەك لەسەر دوانزە خەرجدەكرێت، كە لەكاتی پەسەند نەكردنی یاسای بودجەی فیدراڵیدا ئیشی پێدەكرێت.
نوسراوەكەی لیژنەی دەستپاكی تەئكیدیكردۆتەوە: كە نابێت هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم ئامادە نییە داهاتە فیدراڵیەكانی وەك داهاتی نەوت‌و غاز‌و داهاتەكانی تر تەسلیمی خەزێنەی دەوڵەت بكات، بەپێچەوانەوە وەزیری دارایی عیراق یان هەر بەرپرسێكی تر كە سەرپێچی ئەو دەقە یاساییە بكات، بەرپرسیارێتی یاسایی‌و سزایی دەكەوێتە ئەستۆ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە