کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمشەو لەجامی یەكێتی ئینگلتەرا مان یونایتد میوانداری وڵڤرهامپتۆن دەكات

.

02:52 PM - 15/01/2020

 ئەمشەو یارییەكانی گەرانەوەی قۆناغی چوارەمی جامی یەكێتی یانەكانی ئینگلتەرا بەردەوامی دەبێت و لە سەعات 10و 45 دەقیقەی یانەی مانچستەر یونایتد لەیاریگای ئۆڵدترافۆرد میوانداری وڵڤرهامپتۆن دەكات.
مان یونایتد ئەم یاریە لەكاتێكدا ئەنجام دەدات یەك شەممەی داهاتوو ئەركێكی قورس چاوەرێی دەكات، كاتێك لەهەفتەی 23ی پریمەرلیگ روبەروی لیڤەرپوڵی پێشەنگی ریزبەندی دەبێتەوە.
سۆڵشایەری راهێنەری نەرویجی ئەوە باش دەزانێت ئەركیان لەبەرامبەر وڵڤرهامپتۆن ئاسان نابێت كە لە4 ی ئەم مانگەدا یەكسان بوونیان بەبێ گۆڵ بەسەردا سەپێنرا و ناچاركران دووبارە یاری بكەنەوە.
لەلایەكی ترەوە ئەوەی ئەركی شەیتانە سورەكان قورستر دەكات گرێكوێرەی وڵڤرهامپتۆنە كە لەساڵانی كۆتایی كێشەی زۆری بۆ دروستكردووە، لەوەرزی رابردوی جامی ئینگلتەرا لەقۆناغی چارەكی كۆتایی لەسەر دەستی ئەو یانەیە كرانە دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی لە 5 یاری كۆتایی نێوانیان مان یونایتد هیچ بردنەوەیەكی تۆمار نەكردووە.
مان یونایتد دوای شكستیان لەیاری چوونی قۆناغی پێش كۆتایی جامی رابیتە لەسەر دەستی مانچستەر سیتی بەگۆڵێك بەرامبەر بە 3 گۆڵ و بێ هیوابوون لەبەردەوام بوون لەو ركابەریە، لەئێستادا تاكە هیوا لەبەردەمیان جامی یەكێتی ئینگلتەرایە لەپێناو ركابەریكردن لەسەر نازناوەكەی لەم وەرزە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەپریمەرلیگیش بارودۆخی باش نییە و پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە