کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئامانجە ئابوریەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان

.

03:44 PM - 09/01/2020

سەركۆ یونس
ڕۆژئاوای كوردستان یان باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، جوگرافیایەكی تایبەتمەند و دیموگرافیایەكی فرە ڕەنگ و فرە ئاینە لەنێوان كورد و عەرەب و مەسیحی .خاوەنی سەروەت و سامانێكی زۆری ژێر زەوییە. لەدوای شۆڕشی مەدەنیانەی خەڵكی سوریا دژی حكومی بەشار ئەسەد و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی و دەست تێوەردانی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لەو وڵاتە، ڕۆژهەڵاتی باكوری سوریا كەوتە دەست پەیەدە و یەپەژە هەر زوو توانیان ئیدارەیەكی خۆسەری بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە پێك بهێنن سەرەڕای هەموو ڕەخنەكان تاڕادەیەكی باش توانیان نمونەیەكی جوانی خۆ بەڕێوەبردن پێشكەش بكەن و ناوچەكەیان بكەن بەئارامترین شوێنی سوریا.بەڵام هەڕەشەكانی توركیا لە ئێستادا ناوچەكەی كردوە بە نائارامترین شوێنی ئەو وڵاتەو و ناوچەكە، توركیا مەبەستیەتی (ناوچەی ئارام) بە قوڵایی (30) كلم لەناو خاكی ڕۆژئاوا دروست بكات و هەژمون و پێگەی كوردی سوریا لەناوچەكە لاواز بكات بۆ ئەم مەبەستەش چەند هۆكارو مەبەستی ئاشكراو نهێنی كردوە بە بیانوی ئەو كارە.لەدوا نیوەرۆی (9/10/2019) لەژێر ناوی (كانیاوی ئاشتی) ئۆپراسیۆنەكەی دەستپێكرد بە هاوكاری گروپە ئۆپۆزیسیونەكانی حكومەتی سوریا و هەندێ گروپی توندڕەوی ئیسلامی عەرەب كەدەستیان لەتاوانی مرۆیدا هەیە.
ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە لایەنی و ئابوری و هۆكارە شاراوەكانی تری ئەم ئۆپراسیونەی توركیایە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەتوانین بڵێین خۆی لەم هۆكارانەی خوارەوە ئەبینێتەوە:-
1-    دەوڵەمەندیی ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی خۆسەری كوردانی ڕۆژائاوا(هەدەسە) كەبەدەوڵەمەندترین بەشی سوریا حساب دەكرێت و سەرجەمی یەدەگی نەوتی دڵنیایی سوریا نزیكەی دوو ملیار بەرمیلە و كەمتر لە (0.18%) ی یەدەگی نەوتی جیهانە ،ئەم ناوچانە خاوەنی لە (%90)ی سامانی نەوتی سوریایە و لە (%45) بەرهەمهێنانی غاز لە ڕۆژئاوایە و بەرهەمێنانی نەوت لە سوریالەساڵی (2010) گەشتە نزیكەی (400) چوار سەد هەزار بەرمیل ڕۆژانە، لەم ژمارەیە (250) هەزاری لە ناوخۆ بەكاردەهێنرێت و ئەوەی تری هەناردەی دەرەوەی دەكەن، لە ئێستادا ئەم بەرهەمێنانە دابەش بووە بەسەر هەردوو دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا (هەسەدە) وە زۆربەی بیرە نەوتییەكانی دەكەونە باكوری خۆرهەڵاتی سوریاوە واتە رۆژئاوی كوردستان، هەروەها رۆژئاوا خاوەنی چەندین كارگە و پرۆژەی ستراتیژی و پیشەسازی و كشتوكاڵی و وەك لۆكە و گەنم و زەیتون و جۆرەكانی ترە.
2-    خۆ ڕزگاركردنی ئابوری و دارایی توركیایە لەو بارگرانییەی كە بەهۆی ئاوارەكانی سوریاوە دروست بوە لە توركیا كە نزیكەی (2 تا 3) ملیۆن ئاوارە لە توركیا هەیە ،ئەردۆغان دەیەوێت بەم ئۆپراسیۆنە بەشێكی زۆری ئەو ئاوارانە بگەڕێنێتەوە بۆ خاكی سوریا، هەروەك چۆن لە كانتۆنی عەفرین ئەو سیاسەتەیان جێ بەجێ كرد دوای ئەوەی لە ئۆپراسیۆنێكا عەفرینی داگیركرد و بەدەیان خێزانی ئاوارەی عەرەبی ناردەوە بۆ عەفرین،  دەشیەوێت بەدروست كردنی ناوچەیەكی ئارام ئەو سیاسەتە جێ بەجێ بكات
3-    ئامانجێكی تری  ئەو ستراتیژو ئۆپراسیۆنە سڕینەوەی ناوچەكوردیەكانە بەهێنانی عەرەبی هاوردەی توركیا بۆ ناوچەكە و لاوازكردنی پێگە و دەسەڵاتی كورد و سەرئەنجام هەڵگیرساندنی شەڕی كورد و عەرەب و بێ گومان ئەم سیاسەتە دەرئەنجامەكانی دوور مەودایە و مەترسی بۆ سەر نەتەوەی كورد دروست دەكات.
4-    بیانویەكی تری توركیا لەكوردانی ڕۆژئاوا دروست كردنی دەوڵەتێكی كوردیە لە ڕۆژهەڵاتی فورات لەسەر بیروڕای و ئایدۆلۆژی پەكەكە لەو دەوڵەتە و مەترسی ئەوەیە لە داهاتودا رۆژهەڵاتی فورات ببێتە شوێنێكی ستراتیژی بۆ هێرشكردنە سەر توركیا،  بیانوی ئەوەش دەهێنێتەوە ئەم دەسەڵاتەی كوردان لە ڕۆژئاوا ببَیتە پێگەیەكی بەهێزی پەكەكە .

*ئابوریناس

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە