کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پرووشکی ئاگرمان بەردەکەوێ؟

.

02:32 PM - 09/01/2020

بژار حەکیم

چل ساڵە کێشمەکێشی نێوان ئەمریکاو ئێران بوونی ھەیە، ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە تەنیا کیشەو شەڕو گرژییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ھی دوو جەمسەری گەورەو بەھێزە. زۆر وڵات بەھۆی ئەم ململانێیە بوونەتە قوربانی و باجی زۆریان بۆداوەو وڵاتی دیکەش ھەن باجی نێوان ئەمریکاو ئێران بدەن.
ئەمریکا پێگەی سەربازیی لە کەنداو کە نزیک لە دڵی ئێرانە بەھێزەو بەنیازی زیاتر پتەوکردنیەتی، لە بەرانبەردا ئێران لە وڵاتانی وەک یەمەن، پاکستان، سووریا، لوبنان و عێراق سەنگەری لە ئەمریکا گرتووە، پرسیارە جەوھەرییەکە ئەوەیە کێ لەم نێوانەدا دەسووتێ؟
بەپێی شرۆڤەکارانی سەربازیی و سیاسی، پرسی روودانی جەنگی گەورە لەنێوان ئەمریکا و ئێران پێشبینی ناکرێت، ئەمەش لەبەر دوو ھۆکاری گرنگ کە یەکیان پرسی ئابوورییە کە لەبەرژەوەندی ھیچیاندا نییەو دووەمیش بۆ ھەردوو وڵات ناوچەکە کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە ئامادەسازی بۆ روودانی پرسێکی لەو جۆرەنییە، چونکە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک پرسی دیکەی ھەیە و بەریتانیاش جەمسەرێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە لەم نێوەندەدا.
ئەگەرچی ئەمریکا و ئێران ھیچیان لەسەر خاکی خۆیاندا شەڕی یەکدی ناکەن، لە ھەمان کاتیشدا ھەردوولا ھاوڕان کە ھێشتا کۆمەڵێک بەرژەوەندی زۆر لەنێوانیاندا بە ناڕاستەوخۆ بوونی ھەیە.
لە دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی نێوانیاندا بەتایبەتی کوژرانی قاسم سولەیمانی و دواتریش مووشەکباران کردنی ئەمریکاییەکان لەلایەن ئێرانەوە، پێدەچێت دۆخی نێوان ئەم دوو وڵاتە ئاسایی ببێتەوە، بەڵام ئەی دۆخی عێراق چی؟
ئەمریکاو ئێران شەڕەکەیان لەسەر خاکی عێراق کردوو ھێزی خۆیان بەرانبەر بەیەک پیشاندا، ھەردوو وڵاتیش دەزانن کە عێراق لەم نێوەندەدا تاڕادەیەک دەیەوێ بێلایەن بێت، ئەگەرچی عێراقییەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون بەڵام قازانجی عێراق شکانەوەیە بەلای ئەمریکادا، ئەمە بۆ کوردیش سوودێکی زۆری ھەیە، کەواتە بۆ ئەوەی عێراقییەکان بەگشتی و کورد بەتایبەت لە پرووشکی ئاگرەکە دووربن و نەسووتێن، پێویستە سەرەتا بێدەنگیەکی سیاسییانە تاقی بکاتەوە، نەک تەماشاکارێکی خراپ بێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە