کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەركەكانی دوای كۆنگرە

.

12:41 PM - 02/01/2020

ئەركەكانی دوای كۆنگرە
 هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
31-12-2019
ئەنجامدانی كۆنگرە، یەكێ لە بەڵێنەكانی دووهەڵبژاردنی رابردووی سەركردایەتیی یەكێتی بوو (12ی ئایار و 30ی ئەیلول) بۆ هەڤاڵان و كادرانی حزبەكە،سەرەنجام یەكێتی توانی كۆنگرە ببەستێت و ئەوەی لە دوای كۆنگرەشەوە دەبینرێت دەرەنجامەكانی لە ئاستێكدان كە دەشێ هەریەكێ لە ئێمە وەك سەرەتا و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ و گرنگ سەیری بكەین. گلەیی و گازندەی دوای هەر پرۆسەیەكیش بەتایبەت كە خودی پرۆسەكە بەشێكی گرنگی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردن و متمانە بەخشین، كارێكی ئاساییە وەك چۆن هەموو ئەو هەڤاڵانەی خۆیان كاندید كردبوو خۆشیان بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، ئەو راستییەیان دەزانی كە تەنها ئەو بەشە دەتوانن لە ناوەندی بڕیاری حزبكەدا بن كە دیاریكراوە و ئەم رێژەیەش بۆ یەكێتی تەنها (121 هەڤاڵی هەڵبژێردراوە)، بێگومان گازندەی دوای ئەنجامیش لای هەر هەڤاڵێكەوە بێت بە رێزەوە وەك بەشێكی دونیای ململانێ و كێبڕكێ سەیر دەكرێت، ئەمە ئەگەر بۆ هەندێك لایەنی تر ئاستی قبوڵكردنی ئەستەم بێت ئەوا بۆ یەكێتییەكان زۆر ئاساییە و رەخنە و رەخنە گرتنیش بۆ یەكێتی بووە بە پێناسێك كە وێنە گەش و جوانەكەیەتی، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو هەڤاڵانەشی كە لەم قۆناغەدا نەبوونە جێی متمانە، ئاستی رەخنەكانیان بەشێوازێك نەبێت كە كاریگەریی لەسەر ناوبانگی كۆنگرە دروست بكات، بەتایبەت كە نەیارەكانی یەكێتیش بە شێوازی بەڕێوەچوونی كۆنگرە تووشی شۆك بوون. یەكێتییەكان ئەمجارە توانییان كارێك بكەن كە بەكردەیی سەلماندیان حزبەكەیان هێزیكی گرنگە و وەك چۆن لە رۆژگاری بێ ئومێدیدا مەشخەڵانی ئومێد بووە، هەرواش بۆ داهاتوو لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبێت.

ئێستا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كارەكانی كۆنگرەی ئەنجامدا و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتیش تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی پێدراوە كە بەشێكی تری گرنگی تەواوكاری هەنگاوەكانی داهاتوو بنەخشێنێت ، ئیدی یەكێتی تاوەكو چەند ساڵێكی تر لەسەر شاڕێی هەنگاوەكانی بەردەوام دەبێت، خاڵی گرنگ و بەهێزی ئەم قۆناغەی یەكێتیش تەنها پابەندبوونە بەو بڕیار و راسپاردانەی كە لە كۆنگرەی چوارەمدا دیاریكراون، چونكە ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەن كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چی دەكات؟ وەك چۆن بە ئەنجامدانی كۆنگرە بەڵێنی دوو هەڵبژاردنی جێبەجێكرد، هەرواش بۆ داهاتوو دەبێت بڕیارەكانی كۆنگرە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لە سەرووی هەموویانەوە گەڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ بڕیاری سیاسی لە هەرێم، چونكە لای هەمووان روونە كە یەكێتی لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر سەرنجی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم هەبووە و بۆ داهاتووش دەبێت كاری جددی بكرێت، تاوەكو لە ڕێگەی گەڕانەوەی هاوسەنگییەوە، ئیدی هەرێمی كوردستان ئەم دۆخە تێبپەڕێنێت و كارێك بكات چیتر هاووڵاتیانی هەرێم لە دڵەڕاوكێدا نەبن.

ئەم هەنگاوەی یەكێتی وەك چۆن بەشێكە لە بەڵێنی كۆنگرە، هەرواش ئەركێكی گرنگی یەكێتییانەشە، كە تەنها ئەو حزبە دەتوانێت ئەو هاوسەنگییە بگەڕێنێتەوە و لە رابردووشدا دۆخی نەخوازراو هەندێك جاریش ناوخۆی حزبی، ئەگەر رێگر بووبێت لەوەی یەكێتی ئەم كارە بكات، ئیتر بۆئەم قۆناغە ئەمە پاساوێكی قبوڵكراو نییە و یەكێتی دەبێت ساڵی نوێ بكاتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ و گەڕانەوەی هاوسەنگیش بۆ ناوەندی بڕیاری هەرێم سەرەتای كارە گەورەكەیە، كە جیاوازی لە نێوان ئێستا و رابردوودا دیاری دەكات و یەكێتیش مەبەستییەتی بڵێت كە رابردوو بەم شێوازە بووە و ئەمەش وێنەكانی داهاتوو دەبن، كە كۆنگرەی چوارەم هێڵە گشتییەكانی دیاریكردووە.

نابێت ئەوەمان بیرچێت كە سەركردایەتییەكی نوێ ئەركی گرنگی پیشاندانی وێنەیەكی تری جیاوازی یەكێتییە، وەك چۆن جیاوازیی بەشێكە لە ناسنامەی حزبەكە، بۆ داهاتووش دەبێت یەكێتی ئیدامە بەم جیاوازبوونەی بدات و ئەمەش تەنها رێگای دروستی گەیشتن بە ئامانجەكانە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە