کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

فەرمانی دەستگیركردن بۆ پارێزگاری كەركوك دەرچوو

.

06:24 PM - 12/11/2019


دەستەی نەزاهەی عیراق ئاشكرایكرد، فەرمانی دەستگیركردن بۆ (ڕاكان جبوری) پارێزگاری ئێستای كەركوك‌و 6 بەرپرسی دیكەی پارێزگا دەرچووە‌و دەستەكەشیان ڕێكاری پێویستی گرتۆتەبەر بۆ لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی ئەو پارەیەی، بۆ ئاوەدانكردنەوە‌و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە ڕزگاركراوەكانی سنوری كەركوك لە دەستی داعش، تەرخانكرابوو.
دەستەی نەزاهە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆیان دەركەوتووە كە بڕێكی زۆری ئەو پارەیە بۆ میوانداری خەرجكراوە، هەروەها تۆمەتباری سەرەكی لەو دۆسیەیەدا (راكان جبوری) پارێزگاری ئێستای كەركوكە، كە دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك بەگوێرەی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەو و 6 بەرپرسی تری پارێزگا دەركردووە، كە بریتین لە سكرتێری پارێزگار، بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگار، بەڕێوەبەرانی بەشەكانی وردبینی، ژمێریاری و گرێبەستەكان و سەرۆكی لێژنەكانی یەكەم و دووەمی كڕین لە پارێزگا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دادوەر فەرمانی راگرتنی ئەو تۆمەتبارانەی دەركردووە‌و بڕیاریداوە بگوێزرێنەوە بۆ بەشی ژمێریاری لەناو بینای پارێزگا بۆ ئەوەی بەڵگەكانی خەرجیی میواندارییەكان بهێنن‌و لێپرسینەوەش لەگەڵ بەشی سەرچاوە مرۆییەكانی كەركوك‌و بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای ئەو پارێزگایەش دەكات، بۆ ئەوەی لە دۆخی یاسایی‌ سێ لە كەسە نزیكەكانی (ڕاكان جبوری) دڵنیا بێتەوە، ئاخۆ فەرمانبەری هەمیشەیی ئەو دوو فەرمانگەیەن یان نا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە