کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خشتەی پێدانی كارەبا بۆ مانگی 9

.

12:59 PM - 02/09/2015

خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بەهاووڵاتیان بۆ مانگی (ئەیلول )ی ساڵی 2015 راگەیەنراو بەپێی خشتەكەش موەلیدەكان بەتێكرایی لە مانگی (9) دا رۆژانە (3) كاتژمێر كارەبا دەدەن و نرخی ئەمپێرێك كارەباش (4000) دینار دەبێت.
لە كۆبۆبونەوەیەكدا كە لە بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی بەڕێوەچوو، هەریەك لەبەرێزان بەختیار عبدالرحمان، قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و ئەندازیار سالار حسام الدین بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی و بەرێوەبەری تەنكیكی لەبەرێوەبەرایەتی وەرشەی مەركەزی كە سەرپەرشتی كاری موەلیدە ئەهلییەكان دەكات ‌و نوێنەری لیژنەی ئاسایشی ئابووری قایمقامیەتی مەركەزی سلێمانی و نوێنەری سەندیكای موەلیدە ئەهلییەكان ئامادەیبوون، تیایدا خشتەی مانگی (ئەیلول)ی كارەبای مولیدە ئەهلییەكان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی دانرا.
 بەگوێرەی خشتەكە كارەبای موەلیدە ئەهلیەكان بە دوو قۆناغ دەبێت لە 1/9/ تا 15/9 رۆژانە (4) كاتژمێر كارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان و لە 15/9 تا 30/9 رۆژانە (2) كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن و بەتێكرایی لە مانگەكەدا دەكاتە (3) كاتژمێر كارەبای موەلیدە و نرخی ئەمێرێك كارەباش (4000) هەزار دینار دەبێت.
بەگوێرەی خشتەكە بەرنامەی كارەبای موەلیدە ئەهلیەكان لە كاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ دەست پێدەكات تا (12)ی شەو دواتر بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەدا سنوری پارێزگای سلێمانی دەكرێت بە (3) گروپ هەرگروپێك (4) كاتژمێر كارەبای موەلیدەی دەبێت و لەدوای (15/9 )ش خشتەكە دەگۆڕێت و بەرنامەی (2) كاتژمێری دادەنرێت .
لەكۆبونەوەكەدا جەخت لەوەكرایەوە كە نابێت (12)ی نیوەڕۆ تا 12ی شەو هاووڵاتیان بێ‌ كارەبا بن و پێویستە لەسەر كارپێكەری موەلیدەكان لای موەلیدەكانیان ئامادەبن و هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا ئەوان كارەبا بدەن بەهاووڵاتیان، هەروەها هەر موەلیدەیەك لە پێدانی كارەبای ئەو ماوەی بۆی دیاری كراوە دوابكەویت سزا دەدرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە