کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ووڵاتان چەندین ئاماروزانیاری سەبارەت بە ڕەوشی پەنابەران ئاشكرا دەكەن

.

01:06 PM - 31/08/2015

ڕۆژنامەی ئیندیپێندانتی بەریتانی ئاشكرایكرد حكومەتی هۆڵەندا لە پلانیدایە كە چیتر خۆراك و شوێنی حەوانەوە نەدات بەو پەناخوازانەی كە كەیسەكانیان ڕەتكراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەكانی ڕۆژنامەكە ، ئەم ڕێوشوێنە نوێیانەش ، كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە جێبەجێبكرێت ، وەك هەوڵێكی ئێستای حكومەتی ئەو ووڵاتەیە بۆڕاكێشانی دەنگ و سۆزی ئەو هاوڵاتیانەی ووڵاتەكەی كە بە دەنگدەری دژەكۆچ ناسراون. لەناوەڕۆكی ڕێوشوێنە نوێیەكەدا هاتووە كە لەپاش مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە ، ئەو كۆچبەرانەی كە كەیسەكانیان ڕەتكراوەتەوە ماوەی یەك مانگیان دەدرێتێ‌ پێش ئەوەی دیپۆرتبكرێنەوە یان ئاگادار دەكرێنەوە بەوەی كە خۆیان مشوری خۆیان بخۆن ، وەك ئاماژەیەك بۆ بڕینی خۆراك و پێداویستیە سەرەتایەكانی تری وەك شوێنی حەوانەوە.
هاوكات ، مارك ڕوت ، سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا ، پشتگیری خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنە نوێیانە دووپاتكردەوە و ڕایگەیاند بڕینی ئەو هاوكاریانە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە دەتوانن بگەڕێنەوە ووڵاتەكانی خۆیان و حكومەتی ووڵاتەكانیشیان ئامادەن وەریانبگرنەوە لەپاش ئەوەی كەیسەكانیان ڕەتكراوەتەوە.
بەپێی ئاماری فەرمی دەزگای ئاماری فەرمی یەكێتی ئەوروپاش (یۆرۆستات) ، لەساڵی ڕابردوودا 18 هەزار و 790 كەس داوای مافی پەنابەرێتیان لەهۆڵەندا كردووە و لەوژمارەیەش تا ئێستا 6 هەزار و 250 كەسیان كەیسەكانیان ڕەتكراوەتەوە و ئەو ڕێوشوێنە تازانەش دەیانگرێتەوە.
هاوكات ، ئاژانسی هەواڵی سكای نیوز ئاماری ئەو پەنابەرانەی ئاشكراكرد كەلەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ئوسترالیا وەرگیراون و هەموویان لەپاش یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان لەلایەن یوئێنەوە ، بەشێوەیەكی یاسایی گواستراونەتەوە بۆ ئەو ووڵاتە . وەك ئاژانسەكە ئاماژەی بۆ دەكات ، ئوسترالیا لە ساڵی ڕابردوودا ، زیاتر لە 11 هەزار و 500 پەنابەری وەرگرتووە ، بەوەش ئوسترالیا ، بەبەراود بەژمارەی دانیشتوانەكەی و سامانی نیشتمانی ئەو ووڵاتـە ، بووە بەیەكێك لە كراوەترین ووڵاتانی جیهان بۆ وەرگرتنی پەنابەری یاسایی كەلەڕێگەی یوئێنەوە داوای مافی پەنابەرێتیان كردووە. پێشنیاری وەرگرتن و دابەشكردنی پەنابەران لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان و سامانی نیشتمانی هێشتا لە ووڵاتانی ئەوروپا نەبۆتە بڕیار سەرەڕای ئەوەی داواكاری بەشێكی بەرچاوی ئەو ووڵاتە ئەوروپیانەیە كە بەهۆی نزیكی سنورەكانیان لە ووڵاتانی پەنابەران كەوتونەتە ژیر فشارێكی زۆری لێشاوی پەنابەران.
جگەلە هۆڵەنداش ، لە ئەوروپا ، فلەنداش یەكێكە لەو ووڵاتانەی كە مافی خواردن و حەوانەوە یان بەگشتی مافی " پشتگیری سەرەتایی " ناداتە ئەو پەناخوازانەی كە كەیسەكانیان ڕەتكراوەتەوە.
هاوكات لەگەڵ توندكردنی ڕێوشوێنەكانی كۆچ و كۆچبەری نایاسایی لەلایەن بەشێك لە ووڵاتانی جیهان ، ئاژانسە تایبەتمەندەكانی یوئێن داوا لە ووڵاتانی جیهان كە هاوكاریەكانیان بۆ پەناخوازان ڕانەگرن و داوا ی بەردەوامی هاوكاریە مرۆیە سەرەتایەكان دەكات بۆ پەناخوازان بەبێ‌ گوێدانە هیچ مەرجێك.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە