کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەیاننامەی فراكسیۆنی یەكێتیی لەبارەی سەردانی سەرۆك كۆمار بۆ موسڵ

.

03:50 PM - 22/03/2019



لەبارەی سەردانەكەی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بۆ شاری موسڵ بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەو كارەساتەی روویدا،  فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
 لە بەیاننامەكەدا دەڵێت لەكاتێكدا تێگەیشتنمان بۆ تووڕەیی جەماوەری كارەساتباری موسڵ هەیە بۆ روداوی نقومبوونی ئەو كەڵەكەی بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی و  بێزارییان لەو بارودۆخە ئیداری و ئەمنییە خراپ و گەندەڵییەی لەدامەزراوەكانی ئیدارەی پارێزگاكەدا هەیە، لەهەمان كاتدا  باوەڕی تەواومان هەیە بەوەی جەنابی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق  وەك چۆن سوورە لەسەر پارێزگاریكردن لە هەیبەتی دەوڵەتی عیراق لەدەرەوە و ناوخۆی وڵات و پاراستنی دەستور، لەهەمان كاتدا سوورە لەسەر بەدواداچوونی مەیدانی و جددی بۆ كاروبارەكانی هاونیشتمانیانی لەهەر كوێیەك بن. 

بەیاننامەكەی فراكسیۆنی یەكێتیی دەشڵێت: بەسەركردنەوەكەی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بۆ شوێنی رووداوەكەی موسڵ  تەئكیدكردنەوەیە لەسەر هەستكردنی بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلەكەی لەموسڵی بریندار بۆ ئەوەی لەشوێنی  ئەو روداوە ناخۆش و بەئازارە ئامادەبێت هاوبەشی خەمیان بكات. هەروەك تەئكیدكردنەوەیەكیشی بووە لەسەر لێپرسینەوەكردن لە گەندەڵكاران و بەرپرسیارانی  لەدەستدانی رۆحی دەیان هاوڵاتی مەدەنی و بەزوویی راپێچكردنی بەرپرسیاران بۆ بەردەم دادگا تا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن و رێوشوێنی پێویستیش بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لەدووبارە بوونەوەی روداوی لەو شێوەیە.

لەكۆتایی بەیاننامەكەیدا، فراكسیۆنی یەكێتیی لەپەرلەمانی عیراق لەخوای گەورە داواكارە دانیشتوانی موسڵ لەهەموو ناخۆشی و كارەساتێك بپارێزێت و ئاسایش و ئارامی و دڵنیایی باڵ بەسەر شارەكەدا بكێشێت. هەروەك ستایشی رۆڵی سەرۆك كۆماری عیراقیش دەكات بۆ ئەو هەوڵە راستگۆیانەی دەیدات و بۆ ئەو خەمخۆرییەی بۆ  دابینكردنی ئاسودەیی و پاراستنی هاوڵاتیان.

فراكسیۆنی یەكێتیی  تەئكیدیش لەسەر پشتیوانیكردنی دەستپێشخەرییە جددییەكانی سەرۆك كۆماری عیراق دەكاتەوە بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی كە هەمیشە هاندەری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بووە بۆ دانانی سنورێك بۆ ئەو دەردە كوشندەیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە