کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەكێتی سەرۆكایەتی سێ لیژنەی پەرلەمان دەكات

.

04:17 PM - 17/03/2019

كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بێئەنجام كۆتایی هات و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، خواستی فراكسییۆنەكان لەسەر سەرۆك و جێگری لیژنە سەرەكییەكان وایكردووە كە رێككەوتنی فراكسیۆنەكان لەسەر لیژنەكانی پەرلەمان ئاسان نەبێت.

 لەو بارەیەوە باڵامبۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی  رایگەیاند: بەهۆی خواستی فراكسییۆنەكان لەسەر سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنە سەرەكییەكانی پەرلەمان، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بێ ئەنجام كۆتایی هات.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەی پێویستە ئیستحقاقی فراكسیۆنەكان لەدەستنیشانكردنی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان رەچاو بكرێت، پێویستیشە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا ئەو پۆستانە وەربگرن.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند: لەئێستادا ئەندامانی لیژنەكانی پەرلەمان تەواون و پەرلەمان دەنگی لەسەرداون، بەڵام ئەوەی كە ماوەتەوە ئەوەیە، پێویستە سبەینێ لەكۆبوونەوەی هەر فراكسیۆنێك بۆ خۆیدا سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری ئەو لیژنانە دەستنیشان بكرێت كە فراكسیۆنەكەیان بەریدەكەوێت، پاشان لەكۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممەدا كە بڕیارە پەرلەمان كۆببێتەوە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان دەنگی لەسەر بدرێت، كە بێگومان فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە ناكات.

باڵامبۆ محەمەد وتیشی: یەكێتی لەكۆی سەرجەم لیژنەكاندا، سێ سەرۆك و سێ جێگر و دوو بڕیاردەری بەردەكەوێت، ئەمە جگە لەوەی كە لەسەرجەم لیژنەكاندا یەكێتی ئەندامی دەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە