کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كتێبی «ناشوێن»ی بەختیار عەلی چاپ دەكرێتەوە

.

03:13 PM - 25/02/2019

ئارام سدیق چیرۆك نووس و رەخنەگر و بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیری رەهەند بە(گەلی كوردستان)ی راگەیاند: بەم زووانە لەسەر داواكاریی خوێنەران و كتێبخانەكان، كتێبی «ناشوێن» لەسەر ئەركی نووسەر خۆی چاپ دووەمی‌ دەكرێتەوە و لەلایەن ناوەندی ڕەهەندەوە دابەشدەكرێت.

ڕۆژی ٨ و ٩ی ئەم مانگە هەردوو كتێبی «دەریاس و لاشەكان» و «ناشوێن»ی بەختیار عەلی بڵاوكرایەوە و لەلایەن ناوەندی ڕەهەندەوە كاری دابەشكردنی بۆ كرا.
 (نا شوێن )بەرگی هەشتەمی كارە تیۆرییەكانی (بەختیار عەلی) یە و چەند لێكۆڵینەوەیەكە لەبارەی كۆچ و پەنابەریی وغوربەت.
لەبەشێكی كتێبی ناشوێن دا بەختیار عەلی دەڵێت:
"زۆربەی هەرە زۆری كۆچبەرانی ئێمە ژیانی كۆچبەر دەژین، بەڵام هوشیارییان بە مانای كۆچ و مانا ڕەمزییەكانی كۆچ نییە. مرۆڤ دەبێت سەرەتا باوەڕ بە نامۆبوونی خۆی بهێنێت تا بتوانێت دواتر لەسەر ماناكانی نامۆبوون ئیشبكات، بەڵام كۆچبەری كورد لە هەڵهاتنێكی گەورەدایە لە نامۆبوونی خۆی، لێرەوە ناتوانێت بزانێت چی ئەگەرێك و توانایەكی شاردراوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە. كۆچبەری ئێمە ئاوێنەیەكی پێیە كە تەماشای دەكات هێشتا وێنە كۆنەكانی خۆی دەبینێت، كەسێكە لە ڕێگای ئەلبوومە كۆنەكانەوە دۆخی ئێستای خۆی هەڵدەسەنگێنێت، نایەوێت سەیری دۆخی نوێی خۆی بكات. لێرەوە نە پەیامی كەسانی غەریبی بۆ كۆمەڵگای كوردی پێیە، نە پەیامی ئەو كەسانەشی بۆ جیهان پێیە. دونیای ڕاستەقینەی كۆچبەر نامۆبوونە، كە پشتی كردە نامۆبوون دەكەوێتە دونیایەكی دەستكرد و درۆزنەوە".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە