کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بروسكەی پیرۆزبایی خاتوو گەلاوێژ بۆ ساڵیادی كوردستانی نوێ:

.

07:14 PM - 12/01/2019

28 چەپكە گوڵ بۆ یادی 28 ساڵەی تەمەنی كوردستانی نوێ‌
لە قووڵایی دڵمەوە، پیرۆزبایی یادی 28 ساڵەی تەمەنی سەوزی پڕ لە سەروەری و بۆنی مەرەكەب و خشەی كاغەز و تەقەتەقی چاپخانە و وەنەوزی چەند ساتێك لەنێوان خەو و بێداریی رۆژنامەنووس و كارمەندان بەدیار ژمارەیەكی گەرم و نوێی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌-وە لە هەمووان دەكەم.
ئەم پیرۆزباییەم بۆ هەموو ئەوانەیە كە رۆژانێك لەم رۆژنامەیەدا كاریان كردووە، خەمیان خواردووە، پشتگیرییان كردووە. بۆ هەموو ئەوانەیە كە وەك مەم عاشقی زین-ی وشەی كوردیین و لەو پێناوەدا سەرسەختانە رووبەڕووی هەموو بەربەستەكان بوونەتەوە و دەبنەوە. بۆ هەموو ئەو خوێنەر و خوێنەوارانەیە كە ئێستایشی پێوەبێت و سەرەڕای ئەو هەموو سەرچاوەی زانین و زانیارییە، هێشتا هەر بەیانیان زوو چاوەڕێی كوردستانی نوێن بۆ ئەوەی زانست و زانیاریی نوێیان بداتێ‌.
دەستخۆشی لە ستافەكانی پێشووترین و پێشووتر و پێشوو و ئێستا و داهاتووی رۆژنامەكەمان دەكەم، ئەوانەی شەووڕۆژیان خستووەتە سەریەك بۆ دەرچواندنی كوردستانێكی نوێ‌.
لەم یادەدا هیچ شتێك لەوە بە شیاوتر نازانم بیڵێم كە مامی گەورە وتوویەتی "كوردستانی نوێ‌ زاراوەیەكی سیاسییە بۆ كوردستانێك كە هەزاران شەهید گیانی پاكیان لە پێناویدا بەخت كردووە".
                                                                        گەلاوێژ    
12/1/2018

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە