کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نەخۆشیەكی كشتوكاڵی زیان بە كێڵگەكانی تەماتە دەگەیەنێت

.

04:34 PM - 09/01/2019

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاشكرای دەكات: ئەو نەخۆشیەی تووشی كێڵگەكانی تەماتە بووە لە پارێزگای بەسڕە نەخۆشیەكی كەڕووییە‌و تەئكیدیش دەكاتەوە، ڕۆژانە 1700 تۆن تەماتە بەرهەم دەهێنرێت ‌و ئەو ژمارەیەش ڕووی لە هەڵكشانە.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بەیاننامەیەكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە كێڵگەكانی تەماتە لە پارێزگای بەسرە بڵاوكردەوە‌و تیایدا هەموو ئەو هەواڵ‌و ڕاپۆرتانەی ڕەتكردۆتەوە كە بەنەخۆشیەكی نەزانراو ناویان بردووە.
ڕاشیگەیاند: ئەو نەخۆشیەی دەستنیشان كراوە نەخۆشیەكی كەڕووییە، كە دەبێتەهۆی دروستبوونی چەند پەڵەیەكی قاوەیی لەسەر گەڵای تەماتە‌و پەتاتە‌و قەدەكەی دەڕزێنێت، بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیەش بەهۆی زۆری باران بارین‌و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ‌‌و نەبوونی هەوا گۆڕكێی باش دروستبووە‌و وەزارەتیش دەرمانی پێویستی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو نەخۆشیە دابینكردووە.
لە پارێزگای بەسرە 2600 كێڵگەی تەماتە تۆماركراون‌و لە هەندێك كێڵگەش نەخۆشیەكە هەموو كێڵگەكەی گرتۆتەوە، بەڵام زۆرینەی كێڵگەكان بەشێكیان تووشی نەخۆشیەكە بوون، كە لەسەدا 10وە دەستپێدەكات تاوەكو لەسەدا 70.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق تەئكیدیشیكردۆتەوە: بەرهەمهێنانی تەماتە لە بەرزبوونەوەدایە ‌و لە ئێستاشدا ڕۆژانە 1700 تۆن بەرهەم دەهێنرێت‌و بەشی پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ دەكات، هەر لەبەر ئەوەشە كە هاوردەكردنی تەماتە قەدەغەكراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە