کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەعدی پیرە پێشوازی لە كونسڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد

.

07:34 PM - 08/01/2019



دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٨/١/٢٠١٩ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە بەرێز ستیڤن فەیگن کونسڵی گشتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و خاتوو سیلڤیا ئیریس  بەرپرسی نوسینگەی سیاسی و ئابوری لە کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان


لە دیدارێکی نێوان هەردوولادا بارودۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی گفتوگۆی لەبارەوە کرا .

کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا کرد سەبارەت بە حکومەتی نوێی عیراق و کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، جەختی کردەوە کە واشنتۆن خوازیاری حکومەتێکی یەکگرتووە لە عیراق کە ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عیراق بەگشتی هاوکات خوازیارە لە زوترین کاتدا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بگەنە رێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازەی هەرێمی کوردستان .

سەبارەت بە بارودۆخی سوریا بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دوایین هەڵوێستی کۆشکی سپی کرد کە لە دوایین روونکردنەوەدا دەڵێت کشانەوەی هێزەکانمان مەرجدارە و بەشێوەیەکی لەسەرخۆدەبێت تا ئەوکاتەی دڵنیادەبین کە رێکخراوی تیرۆرستی داعش بەتەواوی ڕیشەکێش بووە لە ناوچەکە و هاوکات دڵنیابین لەوەی هاوپەیمان و دۆستە کوردەکانمان پارێزراودەبن و هیچ هێز و لایەنێک نابنە هەڕەشە لەسەریان ، وە ئەو پەیامەش لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە بە ووڵاتانی ناوچەکە گەیەندراوە .

دواتر هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە خۆشحاڵی خۆی بەدواین هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا نیشاندا و ئاماژەی بە مێژووی هاوپەیمانیەتی کورد و ئەمریکا کرد لەناوچەکەدا کە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەیەکەوە لەیەک سەنگەردا دژی تیرۆرستان جەنگاون ، ووتیشی راستە داعش لە رووی سەربازییەوە شکستی هێناوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت بەڵام وا پێویست دەکات هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و هاریکاری هێزە کوردییەکان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە رووی ئایدۆلۆژی و لۆجیستی و داراییشەوە سەرچاوەکانی پشتیوانیکردن لە داعش و گروپە تیرۆرستیەکانی تر بنەبڕ بکرێت ، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە کە پشتیوانی لە حکومەتی نوێی عیراق دەکەن کەمافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت ، ووتیشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی سیاسی بۆ شێوازی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە