کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دەزگای دژە تیرۆر روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

.

03:00 PM - 11/12/2018

وتەبێژێك بەناوی هێزەكانی دژە تیرۆرەوە، روونكردنەوەیەكی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بڵاوكردەوە، سەبارەت بەدۆسیەی تۆمەتبار (ه. م) كە لە سەر فەرمانی دادوەرو بەهۆی ساختەكاری لەبەكارهێنانی كەسێتی واتایی دەزگای دژە تیرۆرەوە دەستگیركراوە.

دەقی رونكردنەوەكە:

لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای ئاسایشی سلێمانی و بەپێی مادەی ( 264 )  لە یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتبار (ه. م)، لە كفری دەستگیركرا، بە هۆی ئەوەی ناوبراو كەسێتی واتایی دەزگای دژە تیرۆری ساختە كردووە و لەڕێگەی دروستكردنی دەیان ئەكاونت و پەیج و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی بە ناوی دەزگاكەمان و كارمەندانی ماندونەناسی دژە تیرۆر، ناو و كەسێتی دژە تیرۆری بەكارهێناوە و پەیج و ماڵپەڕە ساختەكانی بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، شێواندنی پەیوەندیی خێزانی، و بڵاوكردنەوەی گومان و دڕدۆنگی لە دژی چەندین خێزان و بنەماڵە لە گەرمیان و ناوچەكانی تری كوردستان بەكارهێناوەو تەنانەت دەستی لە كەسوكاری ئەنفال و شەهیدانیش نەپاراستوە. هەروەها تۆمەتبار (ه. م) ئەو پەیج و ماڵپەڕانەی بەكار هێناوە بۆ هەڕەشەلێكردن و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و وەرگرتنی پارە، كە تێكڕای ئەو رەفتار و هەڵسوكەوتانە، پێچەوانەی یاسا و دژ بە ئاسایشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانن و
بەردەوامبوونیان رێگەپێنەدراوە.
تۆمەتبار (ه. م)، لە كاتی دەستگیركردن و ماوەی مانەوەی لە گرتوخانە، بەپێی یاسا مامەڵەی
لەگەڵ كراوە، و لەچوارچێوەی رێكارەكانی مافی مرۆڤدا رێزی لێگیراوە و خراوەتە بەردەم دادوەری
دادگای ئاسایشی سلێمانی و هەر بە فەرمانی دادوەری بەڕێزیش، چاوپێكەوتنی كەسوكاری بۆ
رێكخراوە و زیاتر لە یەك كاژێر لەگەڵ كەسوكاری یەكتریان بینیوە و پاشان بەڕێزەوە، بەڕێكراون. و ئێستاش بە پێی یاسا و بە فەرمانی دادوەر، بەشێوەی هەفتانە، مافی یەكتربینیان بۆ دەستەبەركراوە.
بەپێی ئەو وێنە و بەڵگانەی لەبەردەستن، و چەند وێنەیەكیش كە بڵاوكراونەتەوە، تۆمەتبارەكە
نیشان دەدەن لە دەستی یاسادا كە ئەفسەر و كارمەندانی ئێمە دەیگوازنەوە بۆ دادگا، ئەمە
رێكارێكی یاساییە. بەڵام ئەوەی نایاساییە، كەسوكاری تۆمەتبارەكە، پەلاماری لێكۆڵەر و پاسەوان و شۆفێرێكیان داوە و بەڵگەی تەواو لەمبارەیەوە، خراوەتە بەردەم دادگا و بۆ میدیاكاران و لایەنە پەیوەندارەكان بەردەستە.
سەرباری ئەو راستیانەی سەرەوە، بەداخەوە، كەناڵێكی ناڕاست و چەواشەكار، كە هەمووان
دەزانن سەر بە چ كەس و تاقمێكن و مەرامیان چییە، لەرێی راپۆرتێكی چەواشەكارانەوە،
هەستاون بە هەڵگێڕانەوەی روداوەكان، شاردنەوەی راستییەكان لە رای گشتی، و كاریان كردوە بۆ ناوزڕاندنی كادر و كارمەندان و ناوی دەزگاكەمان.
لێرەوە پێیان رادەگەیەنین: كە ئەگەر بەم شێوازە نا میهەنی و لادەر و نەخوازراوە بەردەوامبن لە ناوزڕاندن، ئەوا سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەین و روبەڕوی دادگایان دەكەینەوە. داواش لە خەڵكی كوردستان دەكەین،وەك هەمیشە، بەهۆشیارییەوە، تەماشای روداوەكان بكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە