کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆكی لیستی یەكێتی پەیامێكی بەپەلە ئاڕاستەی عەبادی دەكات

.

12:03 PM - 06/07/2018



رێبوار تەها سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك سەبارەت بە كێشەی كارەبای شارەكە پەیامێكی بەپەلەی ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی عێراق كرد.

رێبوار تەها لە پەیامەكەیدا دەڵێت كە داوا لە "حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری کارەبا دەکەین ئاوڕ لەشاری کەرکوک بدەنەوە و بەزوترین کات چارەسەری کێشەی کارەبای کەرکوک بکەن بەهۆی زۆری بچڕانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لەشارەکە لەکاتێکدا کە پلەی گەرمی لەبەرزبوونەوەدایە و شاری کەرکوکیش لە گەرمترین ئەو ناوچانەیە کە پلەی گەرمی بەرزی تێدا تۆمارکراوە لەسەر ئاستی جیهان".

هاوكات داواشی لە دەستەی دەستپاکی و لایەنە پەیوەندیدارەکان كردووە "لێکۆڵینەوە لەو بڕیارەی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک بکەن کە کاتی ئیشپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی بە 10 کاتژمێر دیاریکردووە لە 24 کاتژمێردا چونکە لایەنی بەرپرسیار هەیە لە پارێزگا خاوەنی دەیان مۆلیدەی ئەهلین".

ئەوەشیخستۆتەڕوو كە بڕیارەكەی حكومەتی خۆجێیی كەركوك "لەبەرژەوەندی ئەو کەس و لایەنانە دەرکراوە کە دەبوو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بووایە تا بەدەست کێشەی کارەباوە نەناڵێنن".

رێبوار تەها لە كۆتایی پەیامەكەیدا جارێكی دیكە داوای لە عەبادی كردووە كە بڕیارێكی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی كارەبای كەركوك دەربكات و هۆشداریشیداوەتە هەردوو حکومەتی ناوەندی و حکومەتی خۆجێیی بەوەی لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی كێشەكەدا پێدەچێت رووبەڕووی توڕەیی هاوڵاتیانی كەركوك و ئەنجامدانی خۆپیشاندان ببنەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە كەركوك راشیگەیاند كە ناوەڕۆكی پەیامەكە بەنووسراوی فەرمی ئاراستەی لیژنەی دەستپاكیش دەكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە