کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

زەنگەنە: سەرۆكی ئەمریكا بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

.

09:42 PM - 20/06/2018

بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: ڕێكخراوی ئۆپیك بەشێك نییە لە وەزارەتی نەوتی ئەمریكا، دەشڵێت: دۆناڵد ترەمپ بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین دەیەوێت نرخی نەوت بەرزببێتەوە.
بێژەن زەنگەنە رایگەیاند: سەرۆكی ئەمریكا خوازیارە نرخی نەوت بەرزبێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتی بەرهەمهێنانی نەوت بەردین لە ئەمریكا كە تێچوویەكی زۆری دەوێت، بەڵام ئەو هێرش دەكاتەسەر ڕێكخراوی ئۆپیك، بەتایبەت دوای كشانەوەی لە ڕێكەوتنی ئەتۆمی ئێران، بۆ ئەوەی خۆی لە فشارەكانی ڕای گشتی لەسەر زیادبوونی نرخی نەوت دووربخاتەوە.
راشیگەیاند: ڕێكخراوی ئۆپیك بەشێك نییە لە وەزارەتی نەوتی ئەمریكا، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك كە ئۆپیك بڕیار لە ئەمریكاوە وەرناگرێت.
وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستادا هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندی بە هاوسەنگی نێوان خواست‌و خستنەڕوو نییە، بەڵكو سیاسیە، بۆیە پێویستە ئەو بابەتە چارەسەرێكی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە، تەئكیدیشیكردەوە: ئەگەر لەماوەی ئەم هەفتەیەدا وڵاتانی ئۆپیك بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتی بەرهەمهێنان كۆببنەوە، ناگەن بە ڕێككەوتن.
هاوكات بڕیارە ڕۆژی هەینی وەزیرانی نەوتی ئۆپیك بۆ تاوتوێكردنی دۆخی بازاڕەكانی نەوت كۆببنەوە‌و ڕۆژی شەممەش لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی نەوتی دەرەوەی ئۆپیك دابنیشن، بەوتەی وەزیری وزەی ڕوسیاش، لەگەڵ سعودیە پێیان باشە ڕۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی ملیۆنێك‌و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەم بكرێتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا ئێران‌و عیراق‌و ڤەنزوێلا دژی ئەو پێشنیارەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە