کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا ، چەندین كارەسات و ئاماری تراژیدی بڵاوكرانەوە

.

08:12 PM - 20/06/2018

بەرواری 20 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك ، ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە  كە بە بڕیارێكی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2000 دا ئەم بەروارە وەك هاوسۆزییەك بۆ پرسی پەنابەران لە جیهاندا دیاریكرا. 

یادكردنەوەی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی چەندین ئاماری تراژیدی لە بارەی پەنابەران و ئاوارەكانەوە لەسەرتاسەری جیهاندا.

بەگوێرەی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، 68 ملیۆن و نیو كەس لە جیهاندا لە ساڵی 2017 دا وەك ئاوارە و پەنابەر دیاری كراون كە لەو ژمارەیەش 25 ملیۆن و 400 هەزار كەسیان پەنابەر بوون كە بە واتای ئەوەی سنوری ووڵاتی خۆیان بڕیووە و بەدوای مافی پەنابەرێتیدا گەڕاون. 

بڵاوكردنەوەی ئامارەكە هاوكاتە لە بڕیارێكی حكومەتی ئیتالیا و ماڵتا كە بۆ یەكەم جار لەماوەی چەندین ساڵدا ڕێگەیان نەدا بە كەنارگرتنی بەلەمێك كە سەدان پەنابەری هەڵگرتبوو لە كەنارەئاوییەكانی ووڵاتەكانیان كە بە هاوشێوەی سیاسەتە توندەكەی حكومەتی ئوسترالیا لەدژی كۆچبەرانی دەریایی دادەنرێت بە جۆرێك هەر كەسێك بیەوێت بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بكات دەستگیردەكرێت و ڕەوانەی ئەو ووڵاتە دەكرێتەوە كە لێوەی هاتووە.

هاوكات ، نەتەوەیەكگترووەكان ئامارێكی تری تایبەت بە نیشتەجێكردنی پەنابەران بڵاوكردەوە بەجۆرێك نیشتەجێكردنی پەنابەران لەڕێگەی پڕۆگرامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە  بە لەسەدا 40 كەمی كردووە  لە ساڵی 2017 دا و بە نزیكەیی تەنها 100 هەزار پەنابەر لە سەرتاسەری جیهاندا نیشتەجێ كراون كە هۆكارەكەشی دەگێڕنەوە بۆ زیادبوونی هەستی ناسیۆنالیستی و خۆدابڕینی ووڵاتانی پێشكەوتوو لە ووڵاتانی تر. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە