کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هەر فەرمانبەرێك 15ساڵ خزمەتی هەبێت بە 400 هەزار دینار خانەنشین دەكرێت

.

06:21 PM - 06/06/2018

لەشكری ئیبراهیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم رایدەگەیەنێت: ئەگەر پەرلەمانی كوردستان راپۆرتی هەردوو لیژنەی دارایی‌و یاسایی پەسەند بكات، ئەوا هەر فەرمانبەرێك كە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت بەدەر لە مەرجی تەمەن، دەتوانێت بە 400 هەزار دینار خۆی خانەنشین بكات. لەشكری ئیبراهیم بە (snn)ی راگەیاندوە: لە ئێستادا كەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، پەرلەمانی كوردستانیش دەیەوێت ئەو مووچەیە زیاد بكات بۆ 400 هەزار دینار، بەڵام بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق، لە ئەگەری زیادكردنی مووچە كەمەكان، موچەی ئەو خانەنشینانەش زیاد دەبێت كە موچەی ئێستایان لە 400 هەزار دینار زیاترە. وتیشی: ئەگەر پەرلەمان، تەنیا كەمترین موچە دەستكاری بكات ‌و فیئەكانی تری خانەنشینی وەك خۆی بمێنێتەوە، دەبێتەهۆی دروستبوونی نادادپەروەریی لە موچەكاندا، چونكە ئەگەر فەرمانبەرێك بە 15 ساڵ خزمەتەوە بە 400 هەزار دینار خانەنشین ببێت، هاوتای مووچەی ئەو خانەنشینكراوە دەبێت كە 25 ساڵ خزمەتی هەبووە. ئاماژەی بەوەشكردوە: بەپێی یاسای خانەنشینی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێك 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، بە 220 هەزار دینار خانەنشین دەكرێت، بەبێ رەچاوكردنی مەرجی تەمەن، بۆیە ئەگەر پڕۆژەیاساكەی پەرلەمان پەسەند بكرێت‌و حكومەت جێبەجێی بكات، هەموو فەرمانبەرێك كە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت بە 400 هەزار دینار خۆی خانەنشین بكات.
رۆژی 4ی حوزەیرانی 2018 هەردوو لیژنەی دارایی‌و یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بڕگەیەكی پرۆژە چاكسازییەكەی حكومەتیان هەموار كردەوە‌و كەمترین مووچەی خانەنشینیان بە 400 هەزار دینار دیاریكرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە