کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حەوتەمین پەنابەر لە دوورگەكان گیانی لەدەستدا ، یەكێك لەو پەنابەرانەش كورد بووە

.

06:10 PM - 23/05/2018

ئاژانسی هەواڵی ئێس بی ئێسی ئوسترالی بڵاویكردەوە پەنابەرێكی تر لە دوورگەی مانوسی پاپانیوگینیا گیانی لەدەستداوە.

بە ووتەی بەرپرسانی پۆلیسی ئەو دوورگەیە ، ئەو پەنابەرە بە ڕەگەز موسوڵمانی ڕۆهنگیای میانمارە و پێدەچێت هەوڵی خۆكوشتنی دابێت چونكە لە پاسێكەوە خۆی خستووەتەوە خوارەوە كە لە كاتی ڕۆشتندا بووە. 

پەنابەرێكی كوردیش كە لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەو پەنابەرەیە لە تویتێكدا دەڵێت ئەو پەنابەرە بۆماوەیەكی دورودرێژ كێشەی تەندروستی هەبووە.

حاڵەتی گیانلەدەستدانی ئەو پەنابەرە ، حەوتەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانی پەنابەرانە لە كەمپەكانی دوورگەی مانوسی پاپانیوگینیا و یەكێكیش لەو حەوت پەنابەرە بەڕەگەز كورد بوو كە لە شەوی 17 شوباتی 2014دا لە پێكدادانێكی نێوان پەنابەران و بەرپرسانی كەمپەكەیاندا گیانی لەدەستدا.

پەنابەرانی دوورگەی مانوسی پاپانیوگینیا  ئەو كەسانەن كە پێشتر ویستویانە بە قاچاخ و بەبەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بكەن بەڵام دەستگیركراون و ڕەوانەی ئەو كەمپانە كراون و هەرگیز لە ئوسترالیا نیشتەجێ‌ ناكرێن. ئەم سیاسەتەش بووەتە جێگەی نیگەرانی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی پەنابەران و بە پێشێلكاری مافی ئەوانی دەزانن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە