کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەغدا داوا لە هەرێم دەكات پارەی گەنمی جووتیاران وەربگرێت

.

05:56 PM - 23/05/2018

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێم رایدەگەیەنێت: وەزیری بازرگانی عیراق بەڕەسمی داوای لێكردوون پارەی گەنمی ساڵانی ڕابردووی جووتیاران وەربگرن، دەشڵێت: چاوەڕوانی بەڵێنەكەی حەیدەر عەبادی دەكەین بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جووتیاران وەك خۆی خەرج بكات بەبێ كەمكردنەوە.
نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێم رایگەیاند: نووسراوێكی تازەمان بەئیمزای وەزیری بازرگانی عیراق بەدەست گەیشتووە كە تێیدا داوایكردووە بچین شایستەی دارایی جوتیاران بۆ ساڵانی 2014‌و 2015‌و 2016 وەربگرین، بەڵام بڕی پارەكە زۆر كەمكراوەتەوە.
وتیشی: ئێمە لەسەر داوای یەكێتی جووتیاران‌و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سایلۆكانمان راگەیاندووە ئەو پارەیە وەرنەگرن، چونكە بەپێی نووسراوەكە لە دەرەوەی پشكی لەسەدا 17یە‌و گەنمی جووتیاران بەنرخی بازاڕ ئەژماركراوە، لەبەر ئەوە ناكرێت جوتیارێك یەك تۆن گەنمی بەبڕی 560 هەزار دینار لێوەرگیرابێت، بەڵام گەنمی جووتیارێكی دیكەش كە لەهەمان شوێن‌و ناوچەیە، بەبڕی 380 هەزار دینار وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشكردوە: كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی سلێمانی كرد، جووتیارێك داوای لێكرد پارەی جوتیاران خەرج بكات، ئەویش بەڵێنیدا چارەسەری بكات، لە ئێستاشدا هەوڵێك لەئارادایە بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جوتیاران وەك خۆی لێبكرێتەوە، بۆیە چاوەڕوانی ئەو هەوڵەو بەڵێنەكەی عەبادی دەكەین جێبەجێی بكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە