کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مه‌كگۆرك: لای ئه‌مریكا گرنگه‌ كورد له‌ عیراق به‌هێزبێت

.

06:57 PM - 22/05/2018

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (22/5/2017) بریت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد‌و له‌لایه‌ن مه‌لا به‌ختیار لێپرسراو و عومه‌ر فه‌تاح‌و حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پێشوازی لێكرا.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی دۆستانه‌دا، دۆخی عیراق له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و گفتوگۆی لیسته‌ براوه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌ عیراق گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕ، سیاسه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك ئه‌مریكا‌و وه‌فدی هاوڕێی روونكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: " وه‌ك یه‌كێتی به‌شێك ده‌بین له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان چ بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی نوێ‌ له‌عیراق، كه‌ نوێنه‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌‌و لایه‌نه‌كان بێت، چ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كێشه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی عێراق‌و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات."

له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا راشیگه‌یاند: " به‌لای یه‌كێتی –یه‌وه‌ گرنگه‌ كورد به‌ یه‌كگرتوویی بچێته‌ به‌غدا و له‌ به‌غداش له‌گه‌ڵ ئه‌و لایانانه‌ بێت، كه‌ پابه‌ندی ده‌ستور  ده‌بن ‌و ئاماده‌بێت ته‌واوی كێشه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات."

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی روونیشكرده‌وه‌، " تاقیكردنه‌وه‌و ئه‌زموونی تاڵمان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی هه‌رێم‌و به‌غدا و بودجه‌ و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) و پرسی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌. ئه‌مریكایش پشتیوانی هه‌موو پێكهاته‌‌و لایه‌نه‌كانی عێراق بێت له‌ پابه‌ندكردنی حكومه‌تی داهاتووی عیراق به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌ و جێبه‌جێكردنی ماده‌كانی ده‌ستور."

بریت ماگكۆرك نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند به‌لای ئه‌مریكاوه‌ گرنگه‌، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان یه‌كگرتووبن‌ و به‌ یه‌كگرتووی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی عیراق بكه‌ن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور و عێراقی یه‌كگرتوودا.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: " پێویسته‌ به‌رپرسیارانه‌ بیر له‌پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق بكرێته‌وه‌و لایه‌نه‌كانیش زوو بگه‌نه‌ ئه‌نجام بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌.

بریت مه‌گكۆرك جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لای ئه‌مریكا گرنگه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هێزبێت له‌ چوارچێوه‌ی عیراقێكی یه‌كگرتوودا، هه‌روه‌ك  ئومێدیشی خواست رێكه‌وتنی كورد و شیعه‌ و سووننه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ‌ به‌جۆرێك بێت، پشتیوانیه‌كانی ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وامی پێ‌ بدات‌و زیاتریشی بكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە