کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مێژووی یاریگای یاری كۆتایی چامپیۆنس لیگ یاریگای ئۆڵمپی لەكییڤ

.

11:23 AM - 22/05/2018

هەوادارانی تۆپی پێ لەسەرتاسەری جیهان لەشەوی 26 ی ئەم مانگە سەرنجەكانیان لەسەر یاریگای ئۆڵمپی لەكییڤی پایتەختی ئۆكرانیا كۆدەكەنەوە بۆ بینینی یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێوان ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و لیڤەرپوڵی ئینگلیزی، یاریگای یاری كۆتایی  مێژوویەكی گەورەی هەیە لەروی میوانداریكردنی یاریەكان كە پێشتر یاریەكانی هەڵبژاردەی سۆڤێتی میوانداری دەكرد، بەڵام لەئێستادا میوانداری یاریەكانی هەڵبژاردەی ئۆكرانیا دەكات لەگەڵ یانەی دینامۆ كییڤ، یاریگاكە بۆ یەكەم جار و لەساڵی 1923 لەژێر ناوی تروتسكی ستادیۆم كرایەوە كە ناوی یەكێك لەدیارترین كەسایەتیە سیاسەتمەدارەكانی سۆڤێتی بوو لەو كاتە، دواتر و بۆ چەند جارێك ناوەكەی گۆرانكاری بەسەردا هات، لەساڵی 1924 ناوەكەی كرا بە یاریگای سور، لەساڵی 1936 كرا بە یاریگای كۆمارییەكان، لەساڵی 1938 ناوەكەی  بەیاریگای كۆماری و لەساڵی 1941 ناوی یاریگای خرۆتشۆڤی لێ نرا، لەهەمان ساڵدا جارێكی تر ناوەكەی گۆڕدرا بۆ یاریگای ئۆكرانی پێش ئەوەی ناوی یاریگای خرۆتشۆڤی لەساڵی 1944 بۆ بگەرێتەوە، لەساڵی 1962 ناوی یاریگای ناوەندی لێ نرا و دواتر یاریگای كۆماری لەساڵی 1980، لەساڵی 1996 یاریگاكە كرا بەناوی یاریگای ئۆڵمپی، یاریگای ئۆڵمپی لەروی قەبارەوە لەخۆرئاوای ئەوروپا گەورەترینە لەدوای یاریگای لۆجینكی لەمۆسكۆ كە چەند یاریەكی جامی جیهانی ئەم هاوینە لەخۆدەگرێت، سەرەتا یاریگاكە جێگای 50 هەزار هاندەری تیا دەبۆوە، دواتر و لەساڵی 1949 برەوی پێدرا بەڵام قەبارەكەی بچوككرایەوە بۆ 47 هەزار و 756 هاندەر، بەڵام لەساڵی 1967 فراوان كرا بۆ 100 هەزار هاندەر، لەساڵی 1999 جارێكی تر قەبارەكەی بۆ 83 هەزار و 450 هاندەر كەمكرایەوە، لەكۆتاییدا و لەساڵی 2011 یاریگاكە برەوی پێ درا و قەبارەكەی گەیشتە 70 هەزار و 50 هاندەر، دیارترین ئەو یاریانەی لەم یاریگایە ئەنجامدراوە 7 یاری لەركابەریەكانی تۆپی پێ لەئۆڵۆمپیادی ساڵی 1980 بوو، لەیۆرۆی 2012 لەو یاریگایە 5 یاری بەرێوەچوو، بەڵام دیارترینیان یاریە مێژوییەكەی نێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیا بوو لەیاری كۆتایی پاڵەوانێتی یەكە كە بەبردنەوەی ئیسپانیا بە 4 گۆڵی بێ بەرامبەر كۆتایی هات و بۆ دووەم جار بەدوای یەك و سێیەم لەمێژویدا نازناوەكەی بەدەستهێنا و تا ئێستاش ئەو یاریە لەبیرەوەری هەوادارانی تۆپی پێ ماوە و هەریەكە لە دیڤید سیلڤا و جۆردی ئالبا و فیرناندۆ تۆرێس و خوان ماتا 4 گۆڵەكەی هەڵبژاردەی ئیسپانیایان تۆماركرد، شەممەی داهاتووش لەو یاریگایە مێژوییەكی تر دەنوسرێتەوە لەرێگەی بەرێوەچوونی یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای وەزری 2017 بۆ 2018 لەنێوان ریاڵ مەدریدی خاوەن 12 نازناو و لیڤەرپوڵی خاوەن 5 نازناو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە