کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گه‌شتێك به‌ناو ژیانی عادل موراد دا

.

10:29 PM - 18/05/2018

ئه‌مڕۆ 18-5-2018 عادل موراد یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كرد.

عەدل موراد، سەرەڕای دووری لە كوردستان ژیانی سیاسیی لە پێناو كوردایەتیدا بە زوویی دەستپێكردووە.

لەو پێناوەشدا لە ساڵی ١٩٦٥ لە بەغداد پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە.

لە ساڵی ١٩٦٦دا لە بەشی كیمیای كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی بەغداد وەرگیراوەو لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی بەشێكی رێكخستنەكانی بەغدادی كردووە.

لە ساڵی ١٩٦٩ كاتێك بەشێكی رێكخستنەكان ئاشكرا دەبن و واز لە خوێندن دەھێنێت و روو دەكاتە شاخ و دەبێتە پێشمەرگە.

لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا دەبێتە ئەندامی ناوچەی پارتی لە ناوچەی باڵەكایەتی و لە ھەمان كاتدا لەبەر كەمی مامۆستای گوندەكان، لە خوێندنگەی یەكێك لە گوندەكان دەست بە كاری مامۆستایەتی دەكات.
پاش راگەیاندنی بەیاننامەی ١١ی ئازاریی ساڵی ١٩٧٠ لە كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە سكرتێری یەكێتیەكە ھەڵدەبژێردرێت.

لەدوای ئەمە عادل موراد دەگەڕێتەوە بەغدادو تا ساڵی ١٩٧٤ و بەر لە دەسپێكردنەوەی شەڕ لە نێوان كوردو رژێمیدا، بەغداد بەجێ دەھێڵیت.

دواترو لە پاش ھەرەس ھێنانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران دەبێت، و ھەر لەو ساڵەشدا ئێران بەجێدەھێڵیت و روو دەكاتە وڵاتی سوریا.

كاتێك دەچێتە سوریا، لەوێ لەگەڵ مام جەلال پەیوەندی دروست دەكات و بەشدار دەبێت لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

دوا بەدوای دامەزراندنی یەكێتی، لێپرسراوێتی رێكخستنی نێو وڵاتی دەكەوێتە ئەستۆ و دواتریش بۆ دروستكردنی رێكخستن لە ئەوروپا، دەچێتە ئەوروپا و توانی بناغەیەك بۆ رێكخستنی یەكێتی لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی دابنێت.

پاش گەڕانەوەی بۆ سوریا، لەگەڵ ئەندامانی دیكەی دەستەی دامەزرێنەردا سەرقاڵی دابینكردنی پێویستیەكانی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری دەبێت لە كوردستان و لەم رووەوە لێپرسراوی ئەركە لۆجستیەكان و ناردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی بۆ ناو وڵات دەكەوێتە ئەستۆ...

لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٩ دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و لە ناوزەنگ دەگیرسێتەوە.

بەڵام لە مانگی شوباتی ھەمان ساڵدا، لەبەر ھەندێ ھۆكاری سیاسی واز لە یەكێتی دەھێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ سوریا، پاشان لە رۆژنامەی سەفیر وەك رۆژنامەنووس دەست بەكار دەبێت.

لە ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە حزبی سۆسیالیستی كوردستان دەكات و لە كۆنگرەی یەكەمی ئەو حزبەدا كە لە مانگی ئایاردا بەسترا، بە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی ھەڵدەبژێردرێت.

پاشان و لە ساڵی ١٩٩٤ پەیوەندی بە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەكاتەوەو پلەی ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی پێ دەدرێت.

دواتر لە شاری ھەولێر لێپرسراوێتی مەكتەبی ناوەندنی راگەیاندی یەكێتی پێ دەسپێردرێت و تا ساڵی ٢٠٠٠ بەردەوام دەبێت.

ھەر لە ھەمان ساڵدا وەك لپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە سوریا دەگیرسێتەوە..
لە كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٣دا دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و بەشدار دەبێت لەو ھەوڵانەی كە بۆ رژێمی بەعس لە ئارادا بوون.

لەگەڵ رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەچێتە بەغدادو ئەركی پەیوەندی و دیپلۆماتكارانە دەگرێتە ئەستۆو ماوەیەكیش لە ئەنجوومەنی حوكم  نوێنەری سەرۆك مام جەلال دەبێت.

ساڵی ٢٠٠٤ دەبێتە باڵیۆزی عێراق لە رۆمانیا.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠ لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا خۆی بۆ كۆمیەتی سەركردایەتی ھەڵنابژێرێت. لە ساڵی ٢٠١٢دا لێپرسراوێتی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی پێدەدرێت. كە ئەمە دوایین وێستگەی كاری سیاسی بەگشتی و بەتایبەتیش لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت..

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە