.
01:48 PM - 05/04/2018
بەئامانجی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (تاگرس)، بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ژمارەیەک لە زانکۆکانی کوردستان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گەیشتە کوردستان و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی (٤/٤/٢٠١٨) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەناوی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەخێرهێنانی د. ئوو موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی (جۆرج ئۆگهست گوتینگن)ی ئهڵمانی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی (تاگرس) و وەفدی هاوڕێی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان ئامادەیبوون، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کورتەیەکی لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەش بە وەفدی میوان کرد، هەروەک خۆشحاڵی وەزارەتیشی پیشاندا بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئامادەبوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسیان لە گرنگی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان، هەروەک باسیان لە چۆنیەتی پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی وەزارەت بەتایبەت لە پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی پلەبەرکردنی نازناوی زانستی، لەهەمان کاتدا تیشک خرایە سەر جێبەجێکردنی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕکردنی خوێندکارانی خوێندنی باڵا بەتایبەت دکتۆرا و پێدانی بڕوانامەی هاوبەش (جوین دگری) لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئەڵمانیا بەسیستمی سپلیسایت، باسیش لە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سێنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی کرا بەتایبەت دامەزراندنی سێنتەری توێژینەوە بەشێوازی گشتی یاخود تایبەت بەپێیی پسپۆڕییەکان.
لە بەرامبەردا، د. ئوو موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی (جۆرج ئۆگهست گوتینگن)ی ئهڵمانی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی (تاگرس) و ئەندامانی وەفدەکە خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانە بۆ کوردستان دەربڕی، وتیشی: هەنگاو بەهەنگاو پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکان بەرەوپیش دەچێ، هیواشی خواست کردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی زانکۆکەیان لە کوردستان ببێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ فراوانکردنی ئاستی پەیوەندییەکان، هەر لە میانەی قسەکانیدا سەرۆکی وەفدەکە باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان کرد، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بڕی یەک میلۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، ئەو پڕۆژەیەشی بەدەسکەوتێکی زانستی گرنگ بۆ زانکۆکانی کوردستان وەسفکرد.
دوا بەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەفدی زانکۆی (جۆرج ئۆگهست گوتینگن)ی ئهڵمانی سەردانی زانکۆی سەڵاحەددینیان کرد، پاشانیش قەڵای دێرین و قەیسەری هەولێریان بەسەرکردەوە.
ئەمرۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتی (٥/٤/٢٠١٨) لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی لە مەراسیمێکدا، کە بەئامادەبونی د.خەتاب بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆکانی کوردستان ئامادەیبوون، لە مەراسیمێکدا ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەولەتیەکانی زانکۆی (جۆرج ئۆگهست گوتینگن)ی ئهڵمانی کرایەوە، وەک لە وتارەکانی مەراسیمی کردنەوەی نوسینگەکەدا باسی لێوەکرا، ئەو نوسینگەیە دەبێتە خاڵی پەیوەندی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئاڵمانیا.
پڕۆژەی (تاگرس)، پڕۆژەیەکی گرنگی بواری خوێندنی باڵایە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و ئاڵمانیا، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا بڕی یەک میلۆن یۆرۆی بۆ تەرخانکراوە.
لە پڕۆژەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی (سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بەشدار دەبن، پڕۆژەکە تایبەت دەبێ بەدروستکردن و بەهێزکردنی توانای مامۆستایان و بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان.
بۆیە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەکی دیکە بەڕوی زانکۆکانی کوردستان دەکاتەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و ئاشنابون بەپێشکەوتنەکانی جیهان، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئاڵمانیا و چیک دەڕەخسێنێ.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە