کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك مام جەلال پێشوازیكرد لەیاریدەدەری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران

.

05:22 PM - 29/07/2015

 سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی بە ئامادەبوونی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دكتۆر خەسرەو گوڵ ئەندامی سەركردایەتی (ی.ن.ك) و یاسین سابیر لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەكانی ئێران و  بافڵ تاڵەبانی  ، پێشوازییەكی گەرمی لە دكتۆر ئەحمەد ئەمیری یاریدەدەری ئەمینداری  گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و  وەفدێكی باڵای هاوڕێی كرد, سەرەتا دكتۆر ئەمیری خۆشَحاڵیی تایبەتیی خۆی دەربڕی كە  دووبارە بە دیداری بەڕِێزیان شاد بوەوە دەرفەتی بینینی بۆ رەخساوە و رایگەیاند  ئەمڕۆ خۆشترین رۆژەكانی ژیانمە كە بەخزمەتتان گەیشتمەوە , ئەوەشی خستەڕوو كە هەمووان لە كۆماری ئیسلامی نزای زیاتر باشبوونی بۆ دەكەن ، هاوكات سڵاو رێزی تایبەتی رابەری شۆڕشی ئیسلامی و سەرۆك كۆمار و  ئەندامانی كابینەی حكومەت و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایش و گەورە لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامی بە بەڕێزیان گەیاند .لەبەشێكی تری دیدارەكەدا دكتۆر ئەمیریی وێڕای ئاماژەكردن بۆ گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی و پشتیوانیكردنی ئێران لە عێراق لەم ساتە ناسكەدا لە جەنگی دژ بە داعش، رووناكی خستەسەر چەندین وێستگەی گرنگی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ناوچەكەدا كە جێ دەستی سەرۆك مام جەلالیان پێوە دیارە و بەڕێزیان رۆڵی گرنگیان بینیووە بۆ بەدیهاتنی چەندین دەسكەوت  ، رونیكردەوە كە سەرۆك مام جەلال بنیاتنەر و دارێژەری پەیوەندییەكانە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا و پێگەی ئێران لەو پەیوەندییانەدا جیا و تایبەت بووە كە ئێستاش لە گەشەكردنی بەردەوامدایە و ئەوە  دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینەی سەرۆك تاڵەبانی كە هەیەتی بۆ نێوانی عێراق و ئێران لە لایەك و هەرێم و ئێران لە لایەكی ترەوە . دكتۆر ئەمیریی لە وتەكانیدا دووپاتیكردەوە كە ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال  قۆناغێكی تایبەت و گرنگ بو كەسایەتییەكی بەهێز و خاوەن ئەزمون و حەكیمی وەك جەنابیانی گەرەك بوو و لەو بارەیەوە وتی سەرۆك مام جەلال باوكی سیاسیی عیراقی نوێیە و زۆر بەدەگمەن هەڵ دەكەوێت كەسایەتیی سیاسی وەك ئێوە لە هەمو وێستگەكاندا سەركەوتوو بن ، بۆیە هەمیشە لە دانیشتن و باسەكاندا جەنابتان وەك نمونەی مامۆستا باس دەكەین كە مامۆستامانیت و لە هەر دانیشتنێكدا ئەزموون و وانەیەكت لێ فێر بووین ،جوامێرییی ، وەفاداریی و راستگۆیی یەكێكن لەو خەسڵەتانەی كە لێتەوە فێر بووین .لە بەشێكی تری وتەكانیدا دكتۆر ئەمیریی ئاماژەیكرد بۆ رێككەوتنامەی  ئەتۆمیی ئێران و دەوڵەتانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا و رایگەیاند ئەو  كێشەیە بە ئاشتیی كۆتایی هات كە جێ بایەخی بەڕێزتان بوو زەمینەسازیت بۆ دەكرد و هانی بەئاشتیی و بە دیالۆگ چارەسەر كردنیت دەدا و خۆشبەختانە بە ئەنجام گەیشت  هاتە دیی و هەوڵەكانتان گەیشتنە جێی خۆی .سەرۆك مام جەلالیش وێڕای خۆشحاڵیی نیشان دان بۆ سەردانی وەفدە باڵاكە سوپاسگوزاریی نیشان دا بۆ هەڵوێست و هەستی برایانە و دۆستانەی دكتۆر ئەمیریی و  سڵاو  و خۆشەویستی گەورە لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە