کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سلێمانی سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیەنێت

.

09:47 PM - 18/03/2018

پارێزگاری سلێمانی سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە شاری سلێمانی رادەگەیەنێت و هەموو چالاكییەكانی نەورۆزیش رادەگرێت.بەناوی خودای مەزنی میهرەبان

مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی جیهان..

خەڵكی شكۆمەندو سەربەرزی كوردستان..

خەڵكی جوامێرو خەمخۆری هەموو سنوری پارێزگای سلێمانی..

كارەساتی داگیركردن و شەڕو كوشتارو كەوتنی ئاشتیی شاری (عەفرین)، هەموومانی هەژاند، گشت كۆمەڵگای مرۆڤایەتیی خستەوە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێ، تاقیكردنەوەیەك كە دەبوو ئەزمونبكرایەو خەڵك و خاكێك كە مەردانە ڕوبەڕوی تیرۆریستانی داعش بوونەوەو، خواستی چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش و ئارامیی و ئازادیی و دادپەروەریی و ئاوەدانیان بۆ هەموو ناوچەكەو جیهان هەبوو، شەڕو ماڵوێرانیی و بەریەككەوتنی بەرژوەندییە ئابووریی و سەربازییەكان؛ بەردەرگای ماڵیان پێنەگرێت، بەڵام ئەمڕۆ لەبری ستایشكردن، بوونە قوربانی هێرشە سەربازییەكان و كارەساتی مرۆیی گەورە لەم ناوچە گڕگرتووەدا كەوتەوە.

ئێمە لە پارێزگای سلێمانی؛ بەئیرادەیەكی بەهێزو دڵێكی پڕ لە خەمەوە، دەخوازین ئاشتیی جێی شەڕو، ئاوەدانیی جێی وێرانكاریی و، ئازادیی شوێنی داگیركاریی بگرنەوەو، هەرچی زووە هێزە سەربازییەكان بكشێنەوەو خەڵكی ئاوارەو لانەشێواوی عەفرین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئاشتیی و ئاسایش بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە.

داوا لە خەڵكی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش دەكەین؛ بە شێوازێكی مەدەنیانەو ئاشتییانەو بە گیانێكی مرۆڤدۆستانەی لێبوردانە، گوزارشت لە ماتەم و پشتیوانیی و هەڵوێستەكانیان بكەن، ئەم دۆخە بكەنە زەمینەی ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانیی ڕاستەقینەو بەهێزكردنێكی لۆژیكیانەی ئیرادەی نیشتمانیمان.

داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەكەین، ئاوارەكان بپارێزێت و بەهانای برینداران و لێقەوماوانی عەفرینەوە بچێت و درودو سڵاو بۆ شەهیدە شكۆمەندەكان دەنێرین، هەر لەم ماتەم و كۆستە نێودەوڵەتییەدا؛ بڕیارماندا:

- لە ئێوارەی ئەمڕۆوە 18ی ئازاری 2018، تا ئێوارەی ڕۆژی 21ی ئازاری 2018، ماتەمی سەرتاسەری لە سنوری پارێزگاكەماندا ڕابگەیەنین.

- یادی نەورۆزی ئەمساڵ دەگۆڕین بۆ (نەورۆزی پشتیوانیی)و ئاهەنگی نەورۆز ڕادەگرین و دەیكەینە نەورۆزی ماتەم بۆ پشتیوانیی خەڵكی عەفرین.

- پردی یەكتربڕی خەبات لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، لە ئەمڕۆوە ناودەنێن:(عەفرین).

 

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر

پارێزگاری سلێمانی

18ی ئازاری 2018

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە