کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ناوەندی دەرەوەی رێكخستنەكانی ی.ن.ك سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیان كرد

.

08:57 PM - 14/03/2018



لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە و كارگێڕی ناوەند و ژمارەیەك لە لێپرسراوی كۆمیتەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانی، لەدیدارێكدا بارودۆخی‌ ئێستای كوردستان و دۆخی یەكێتی و پێگەی رێكخستنەكانی دەرەوە گفتوگۆی لەسەركرا.
لێپرسراو و كادرانی ناوەندی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای سەردانیكردنی ئارامگای سەرۆك مام جەلال و دانانی گوڵی وەفا و خۆشەویستی، جەختیانلەوەكردەوە كە بەردەوامیدان بەرێبازی سەرۆك مام جەلال زامنی نوێبوونەوە و گەشەپێدانی زیاتری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانی و تپێپەڕاندنی قۆناغەكەیە بەسەركەوتووی.
دواتر لەدیدارێكیشدا لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی یەكێتی و بەستنی كۆنگرە گفتوگۆكرا، لێپرسراو و كادرانی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی هەڵوێستی خۆیان بۆ پێویستی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نوێكردەوە و رایانگەیاند: لەرێگای بەستنی كۆنگرەوە دەتوانرێت هەنگاو بۆ داڕشتنی ستراتیژێكی نوێ‌ بۆ خەبات و تێكۆشان و كاری حزبایەتی، نوێبوونەوە و گۆڕانكاری بنرێت.
ئەوەشیان خستەڕوو، بەردەوام دەبن لەپاراستنی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال و "سیاسەتی چەپكە گوڵەكەش رێنمای كارەكانمانە كەدەتوانین لێوەی خزمەت بەكۆمەڵانی خەڵك بكەین  و گەشەش بەحزبەكەمان بدەین".
لای خۆشیەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاڕاستەی سیاسەتی بۆچارەسەری كێشەكان و تێپەڕاندنی قۆناغەكە و چارەسەركردنی قەیران و كێشەكان روونكردەوە، هاوكات هەڵوێستی خۆشی بۆ پێویستی بەستنی كۆنگرە دووپاتكردەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، وتیشی: دڵسۆزی و خەمخۆری یەكێتییەكان بۆ ئێستا و ئایندەی یەكێتی، هەروەها پێویستی پتەوكردنی ریزەكانی یەكێتی و گەشەپێدانی یەكێتی مایەی خۆشحاڵییە و هەرئەوەشە كەزامنی چارەسەركردنی كێشەكانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە