کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

عەبادی فڕۆكەخانەكانی كوردستانی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەكاندا كردەوە

.

04:07 PM - 13/03/2018


 (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عیراق گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی هەڵگرت‌و فەرمانیكرد لە ماوەی هەفتەیەكدا فڕۆكەخانەكانی هەولێر‌و سلێمانی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەكاندا بكرێنەوە.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆی عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ژمارەیەك لە ئەفسەران رایگەیاند، دوای ڕەزامەندی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ فڕۆكەخانەكان، بڕیاردراوە فڕۆكەخانەكان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەكاندا بكرێنەوە. راشیگەیاند، بەم بڕیارە ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەكەین تاوەكو گەشتەكانیان ئەنجام بدەن.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی عیراق لە فەرمانێكی دیوانیدا 6 بڕیاری لەبارەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەركرد، بەپێی ئەو بڕیارانەش دەبێت لەماوەی هەفتەیەكدا گەشتە نێودەوڵەتیەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێبكەنەوە، هەروەها لیژنەی هونەری سەر بە دەستەی گشتی گومرگیش سەرپەرشتی هاوردە‌و هەناردەكردنی كاڵا‌و شمەك لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، جگە لەوەش لیژنەیەكی باڵا بۆ سەرپەرشتیكردن‌و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانە‌و خاڵە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان پێكدێت.
لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017، حكومەتی عیراق گەشتە نێودەوڵەتیەكان‌و خاڵە سنووریەكانی هەرێمی كوردستانی داخست.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە