کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمشەو یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16 ئەنجام دەدرێت

.

11:37 AM - 13/03/2018

مان یونایتد * سیڤیلیە ---- شاختار * رۆما

ئەمشەو یاریەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت و سەعات 10 و 45 دەقیقەی شەوی سێ شەممە و لەیەك كاتدا دوو یاری گەڕانەوەی ئەو قۆناغە بەرێوە دەچێت، یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لەیاریگای ئۆڵدترافۆرد میوانداری یانەی سیڤیلیەی ئیسپانی دەكات، چانسی بەدەستهێنانی بلیتێكی قۆناغی داهاتوو بۆ هەردوو یانە وەك یەكە، چونكە یاری چوونی نێوانیان لەئیسپانیا بەیەكسانبوون و بەبێ گۆڵ تەواو بوو كە پاڵەوانی ئەو یاریە دیڤید دی خیای گۆڵچی مان یونایتد بوو و زیاد لەجارێك یانەكەی لەشكست رزگار كرد، بۆ ئەو یارییەش مانچستەر یونایتد ئامادەكارییەكی باشیكردووە و بەورەیەكی بەرزەوە روبەروی سیڤیلیە دەبنەوە دوای بردنەوەیان لە سێ یاری رابردووی پریمەرلیگ و وەرگرتنی پلەی دووەمی خولەكە، ئەو یانەیە دەیەوێت لەدوای ساڵی 2014 وە بۆ یەكەم جار بگاتە قۆناغی چارەكی كۆتایی، لەقۆناغی كۆمەڵەكان شەیتانە سورەكان بەهێزترین هێڵی بەرگری هەبووە و تەنیا چوار گۆڵیان لێكراوە، لەبەرامبەردا یانەی سیڤیلیە لەژێر سەرپەرشتی مۆنتێلای راهێنەری ئیتاڵی كە لەماوەی نێوان ساڵانی 2014 تا 2016 سێ جار نازناوی ئەوروپا لیگی بەدەستهێنا ئەركی بۆ ئەم یاریە قورس دەبێت بەتایبەت كە لەخولی یانەكانی ئیسپانیاش ئەنجامەكانی باش نیە و یاری هەفتەی 28ی لالیگای شەممەی رابردوی نێو یاریگای خۆی لەبەرامبەر ڤالانسیا دۆڕاند، لەپێشتردا هەردوو یانە 3 جار روبەروی یەك بوونەتەوە و هەرلایەك خاوەنی بردنەوەیەكە و لە یاری چوونی قۆناغی 16ی ئەم وەزرەی چامپیۆنس لیگیش بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، لە یارییەكی تری گەرانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هەردوو یانەی رۆمای ئیتاڵی و شاختار دۆنیتسكی ئۆكرانی لەیاریگای ئۆڵۆمپیكۆ لەپایتەختی ئیتاڵیا بەیەك دەگەن، شاختار یاری چوونی نێو  یاریگای خۆی بە2 گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێك لەرۆما بردەوە و دەیەوێت پارێزگاری لەو ئەنجامە بكات و بلیتی گەیشتنە قۆناغی چارەكی كۆتایی دەستەبەر بكات كە یەكسان بوونیشی بەسە بۆ گەیشتنە ئەو قۆناغە، لەبەرامبەردا یانەی رۆما تەنیا بردنەوە بەئەنجامی گۆڵێكی بێ بەرامبەر یاخود بەبردنەوەی بە جیاوازی 2 گۆڵ دەیگەیەنێتە قۆناغی چارەكی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە، رۆما توانی یاری هەفتەی 28ی كاڵچۆ بە 3 گۆڵ لە تۆرینۆ بباتەوە و بە 56 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندی بگرێت، هەرچی  شاختارە ئاستێكی بەرز لەخولی یانەكانی ئۆكرانیا پێشكەش دەكات بە 51 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی خولی ناوخۆی وڵاتەكەی گرتووە، بەگەرانەوە بۆ رابردوو هەردوو یانە 5 جار لەخولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا روبەروی یەك بوونەتەوە و باڵادەستی بۆ شاختارە بە 4 بردنەوەو رۆماش تەنیا لەیەك یاریدا براوە بووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە