کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عیراق لەسەر بودجە كۆدەبنەوە

.

04:00 PM - 14/02/2018

عەباس بەیاتی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێت: پێویستە چارەسەرێكی بەپەلە بۆ كێشەكانی پڕۆژەیاسای بودجە بدۆزرێتەوە‌و دەشڵێت: دوای گەڕانەوەی عەبادی لە كۆنگرەی كوەیت، بڕیارە هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە كۆببنەوە.
بەیاتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە: پێویستە چارەسەرێكی بەپەلە بۆ كێشەكانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 بدۆزرێتەوە، چونكە تائێستا كورد‌و سوننە بە پڕۆژەیاساكە ڕازی نین‌و بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عیراقیان كردوە، بۆیە پێویستە ڕێككەوتن لەسەر ئەو پرسە بكرێت.
وتیشی: دوای گەڕانەوەی حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عیراق لە كوەیت، بڕیارە هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە كۆببنەوە.
هاوكات د.بەختیار شاوەیس ئەندامی پەرلەمانی عیراق بەگەلی كوردستانی راگەیاند: لەسەر داواكاری كورد، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق پەیوەندی بە د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراقەوە كردووە بۆ رێكخستنی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی پەرلەمان بەئامادەبوونی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عیراق بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەوە.
دوێنێ‌ پەرلەمانی عیراق سەرباری ناڕەزایی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی كرد‌و دواتر كۆبوونەوەكەی بۆ رۆژی پێنج شەممە دواخست.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە