کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەوانەی بەرگەیان نەگرت مام كفنەكەی زەرد ببێت‌و لەیەكێتیی لایاندا، دەبێ‌ باجی مێژوو بدەن

.

11:56 AM - 14/02/2018


مەلا بەختیار:
یەكێتیی، دەبێتەوە بەو هێزە بەهێزەی كە دەتوانێت هاوكێشەكان بگۆڕێت

"كۆڵنەدان‌و بەرپەرچدانەوەی نەیاران، ئەركی ئەخلاقی‌و
ویژدانی‌و وەفاتانە، بەرامبەر بەستراتیج‌و مێژووی یەكێتیی"

لەدرێژەی گەشتە مەیدانییەكەیدا‌و بەئامانجی كۆبوونەوە لەگەڵ ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەشارو دەڤەرە جیاوازەكانی كوردستان، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئەمڕۆ (13/2/2018) بەئامادەبوونی ئاسۆس عەلی، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران، لەدوو كۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندی سۆران‌و كۆمیتەی رێكخستنی چۆمان‌و تێكۆشەرو كادرانی یەكێتیی، لەدەڤەری چۆمان‌و باڵەكایەتی، كۆبۆوە.
مەلا بەختیار، بەڕونكردنەوەی ئامانجی بەرنامەی گەشتە سیاسیی و مەیدانیەكەی، كۆبوونەوەكانی دەستیپێكردو بەتایبەت لەبارەی دەڤەری باڵەكایەتی‌و سۆران‌و ناوچەكە بەگشتی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: هەر كەسێك لەم ناوچەیە لێپرسراوێتی پێدەبەخشرێت‌و متمانەی هەڤاڵان لەمەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی وەردەگرێت، پێویستە بەشێوەیەك خزمەتی دەڤەرەكە بكات، كە لەئاست ئەو مێژووەدا بێت كە یەكێتیی لەناوچەكە و دەڤەرەكەش بەگشتی هەیەتی‌و وتی: بەشانازییەوە دەتوانم بڵێم تایبەتمەندێتی ئەم دەڤەرە، بۆ یەكێتیی‌و یەكێتییەكان‌و مانەوەو سەركەوتن لەم دەڤەرە، چ كاتی خۆی لەڕووی عەسكەرییەوە، چ لەدوای راپەڕین لەڕووی جەماوەرییەوەو لەهەڵبژاردنەكاندا، مانایەكی‌و رەهەندێكی گەورەتری هەیە، چونكە لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ‌، یەكێتیی ئەم هەموو تێكۆشەرەی پەروەردەی كردووە، ئەو هەموو فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانانە پێدەگەیەنێت‌و، دەیانخەیتە ناو كاروانێكی نوێتری خەبات‌و بەململانێی سەخت، بەشەڕی ناوخۆ، بەقوربانی، بەخۆڕاگری‌و كەمترین دەستكەوت، تەنانەت لەدوای راپەڕینیشەوە، ئەو هەموو شەهیدە قارەمانە پەروەردە دەكات‌و دەیانبەخشێت! بۆیە قەدەری ئێوەی خەڵكی تێكۆشەری دەڤەرەكە، ئەوەبوو كە زۆرترین قوربانی ببەخشن‌و تائێستاش كەمترین دەستكەوتان هەبێت. هەروەك رایگەیاند:
ئەم خەسڵەت‌و تایبەتمەندێتییە بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە ئازیز و خۆڕاگرە، بۆ هەمیشە مایەی شانازییەمانەو بۆ دەڤەرەكە خۆیشی، سەرمایەیەكی لەنرخ نەهاتووی خەباتتانە. چونكە كاروانی خەبات لەم دەڤەرە، كاروانێكە بەخوێن كەوتۆتە ڕێگەو نەخشێنراوە‌و هەرچۆنێكیش سەیری مێژووی ئەم كاروانە دەكەیت، سەركردەو فەرماندەی  ئەوتۆی تێدایە، كە هەرە دیارەكەیان شەهید حەسەن كوێستانییە، بۆیە ئۆباڵی هەڤاڵ ئاسۆسی لێپرسراوی نوێی مەڵبەند‌و تەواوی هەڤاڵانی تری یەكێتیی لەناوچەكە قورس دەكات كە خۆڕاگربن، ئاسۆی رووداوەكان بە باشی ببینن، ئاییندەی هاوكێشەكان بە باشی بخوێننەوە‌و مێژووی خەباتی سیاسی خۆتان، تەنها لەپشتی ئەم پەرژینەوە مەبینن، كە دۆخێكی ئیداریی‌و حوكمڕانی تایبەت لەناوچەكە هەیە. بەڵكو ئەودیوی پەرژینەكەش ببینن. كە گۆڕانكاری لەدنیای سیاسەتدا، لەدنیای ناوچەكان‌و دەڤەرەكانیشدا، هەمیشە لەقازانجی هێزی دیموكرات‌و ئەو هێزەیە، كە ستراتیجەكەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، مەدەنییەت‌و سەربەستییەكان‌و مافی یەكسانی ژن‌و پیاو دەبێت..
وتیشی: هەڤاڵان كەواتە هێشتا ئێمە لەم ناوچانە، لەخەبات‌و ململانێداین، بۆ ئەوەی برەو بە تێكۆشانمان بدەین، ئەركەكانمان باشتر رابپەڕێنین‌و ئەو مێژووەی كە هەمانە، وردە وردە بەمێژووی نوێی كۆڵنەدان، مێژووی نوێی ململانێ‌ لەسەر دیموكراسی، مێژووی نوێی ململانێ‌ لەسەر كۆمەڵی مەدەنی، ئازادییەكانی تاك، نەوەی نوێ‌ بەئاراستەیەكی واقیعی، بەرەو ئاییندەیەكی باشتر بەرین‌و ئەمانەش ئامانجەكانی یەكێتین، یەكێتیش لەهەر جێگەیەك بێت.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پاشئەوەی خوێندنەوەكانی سەبارەت بەهەلومەرجەكە لێكدایەوە، وتی: ئایا ئەم هەلومەرجە بۆ ئێوە چ رێنوێنییەكی پێویستە؟و بۆ ئێوەش ئەو هەڵڵاو بگرەو تەمومژەی هەیە، ئەو هەموو دژایەتی‌و تاڕادەیەك دوژمنایەتییە دەرونییەی بەرامبەر بەشكۆتان، قوربانییەكانی یەكێتییەكەتان هەیە، ئەو هەموو لادان‌و بادانەی بەداخەوە كە بەمەرامخوازی دەكرێت! ئەو هەموو جەزرەبەیە كە لەیەكێتی دەدرێت، بەبێئەوەی هێشتا زەمیینەیەك دروست بووبێت، هەتا حزبێكی باشتر لەیەكێتیی دروست بكرێت!
جەختیشیكردەوە: یەكێتیی نەگەیشتۆتە بنبەست، هەتا هەبن بیر لەوەبكەنەوە ئەلتەرناتیڤەكەی دروستبكەن، چونكە یەكێتیی بێ‌ وزەو بێ‌ ئایندەو ئاسۆ نییە، هەتا هێزو كۆمەڵێك پەیداببن، خۆیان بەوە بزانن كە دەتوانن باشتر لەیەكێتیی درێژە بەخەبات بدەن‌و وتی: كۆی ئەو دەنگوباس‌و رووداوانەی ئێوەی نیگەران كردووەو ئەو ململانێیانەشی ئێوەی دڕدۆنگ كردووە، ئێستا لەهەموو كاتێك  زیاتر، بۆ ئێوە، بۆ ئێمەو بۆ یەكێتیی‌و ئاییندەشی پێویستی بەشەن‌وكەو هەیەو پێویستی بەوەش هەیە، بزانین: ئایا لەبەرچی دەیانەوێت وا لەیەكێتیی بكەن، لەبەر ئەوەی یەكێتیی توانای نەماوە، یان لەبەر ئەوەیە ئێستاش هەر لەیەكێتیی دەترسن!
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەگەر یەكێتیی، ئامادەی قوربانیدان نییە؟ ئەگەر هێزی بەدیهێنانی ئامانجە دیموكراتییەكانی نییە؟ ئەگەر دەستبەرو پارسەنگی دیموكراسی نەبووە‌و نییە‌و ئەگەر هەیە باشتر لەیەكێتیی ئەم پارسەنگە دەپارێزێت‌و بۆ ئەوە دروست دەبێ‌، موبارەكی بێ‌! بەڵام كە یەكێیتی بەسەنگ‌و هاوسەنگییەكەی مابێ‌، كە یەكێتیی رۆژ بەرۆژ، شكۆی شكۆمەندی خۆی بەهێزترو درەوشاوەتر بكات، بەچ هەقێ‌ دەتانەوێ‌ جەزرەبەی لێبدەن، ئەگەر مەرامی تایبەتی‌و رقی تایبەتی‌و ئەگەر لادان نەبێ‌ لەرێبازەكەی جەنابی مام جەلال!
لەودیدەوە، مەلا بەختیار، تەئكیدی كردەوە كە یەكێتیی‌و یەكێتییەكان لەبەردەم دووڕیانێكداین‌و بەوردیش رونیكردەوە كە: لەسەر چ بنەمایەكی هەلپەرستی‌و خۆپەرستی، كە میللەتەكەمان لەباشوری كوردستان لەمیحنەتدایە، بچیتە بەغدادو هانیبدەیت كێشەی بودجەو موچە چارەسەر نەكرێت، لەپێناو هێنانەدی مەرامە تایبەتەكانیان‌و رونیشیكردەوە:
لەكاتێكدا، پەروەردەی ئێمە، پەروەردەی قوتابخانەكەی جەنابی مام جەلال‌و ئەو سەنگەرانەشە كە پڕە لەگوڵاڵە سورەی شەهیدەكانی یەكێتیی، كە پێشئەوەی بیر لەخۆت بكەیتەوە، دەبێ‌ بیر لەشەهیدەكانت، لەحزبەكەت، لەمیللەتەكەت، لەئاییندەكەی نەتەوەكەشت لەهەر چوارپارچەكەی كوردستان بكەیتەوە!
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكانیشدا، دۆخی ناوچەكە، عیراق‌و پەیوەندی نێوان حزب‌و لایەنە سیاسییەكان، پەیوەندی نێوان بیروباوەڕە مەزهەبییەكانیشی هەڵسەنگاند‌و رەهەندی كێشەو قەیرانە سیاسییەكان‌و ئەگەری زاڵی بەردەوامبوونیشیانی بەوردی رونكردەوەو پاشئەوەی وتی: ئاییندە شاهێد دەبێت، ئەگەر نیوەی ئەو كێشانە بگەنە تەقینەوە، دەبینن عیراق بەرەو چ هەڵدێرێك دەڕوات، بۆیە مەحاڵە شیعەو سوننە بگەنە ئاستی چارەسەركردنی كێشەكانیان‌و هەمیشە دوو هێڵی لاتەریب دەبن بەیەكتر.
هاوكات لەو تێڕوانینەشەوە، تەئكیدی كردەوە، كە: نابێ‌ زۆر نیگەرانبن لەوەی یەكێتی كێشەی هەیە! ئەگەرچی نەبوایە باشتر بوو، بەڵام كە هەیە وامەزانن تەنها لەكوردستان كێشەمان هەیەو لەكوردستانیش، هەر یەكێتیی كێشەی هەیە، چونكە هەمووان كێشەیان هەیەو دەبینن هەندێك لەوانەی كێشەیان هەیە، بەرگەی كێشەكانیان ناگرن! بەڵام یەكێتیی، كێشەی دەبێ‌، قوڵ دەبێ‌، بەڵام بەهۆی ئۆرگانەكانی، ئەزمونەكانی‌و قوتابخانەكەی مام جەلال، خۆمان دەگرین، هەڵدەستین‌و دەبوژێینەوە‌و لەدوا ئەنجامیشدا، "یەكێتیی، دەبێتەوە بەو هێزە بەهێزەی كە دەتوانێت هاوكێشەكان بگۆڕێت".
وتیشی: لەبەرامبەر هەر قۆناغێكدا، یەكێتیی جۆرێك لەئەركەكانی راپەڕاندووە، لەخەباتی شاخ، پێشمەرگایەتی. لەئەنفال، پارتیزانی. لەڕاپەڕیندا، بەرنامەی شارستانی، كە فیدراڵ‌و پەرلەمان‌و حكومەتی كوردستانمان هێنایەدی.
راشیگەیاند: ئەگەر لەشەڕی ناوخۆشدا، ئەركمان بوبێت پیلانەكان بشكێنین، لەبەرئەوەبوو كە یەكێتیی، وەك هێزێكی داینەمۆی بزوێنەری دیموكراسی لەگۆڕەپانەكە تێكبشكێنن! چونكە یەكێتیی دەستبەری دیموكراسی بوو، سیاسەتی ناوچەكەش دیموكراسی پێ قبوڵ نەدەكرا!
بەو پرسیارەشی كە هەر حزبێك، لەهەر قۆناغێك كە دەگۆڕێت، سیاسەتی ئەركی سەرەكی دیاری نەكات، ئەوا ئەو حزبە توشی چەرمەسەرییەكەی گەورە دەبێت! بۆیە ئەركی سەرەكی ئێمەی یەكێتیی لەئێستادا، كە گەورەترین‌و سەرەكیترین‌و پیرۆزترینیان، ئەوەیە: دەرونی یەكێتیانەمان، دەرونی دڵسۆزیتان بۆ مام جەلال لەبەرامبەر پروپاگەندەی دژە یەكێتییەكان، بەهێز بكەن. چونكە ئەوان هەرچی چەكیان هەبوو بەرامبەر بەیەكێتییەكەتان بەكاریانهێناو سەرنەكەوتن، ئێستاش تاكە چەكێكیان كە بەدەستەوەماوە، ئەوەیە شەڕی دەروونی لەگەڵ یەكێتیی‌و یەكێتییەكان بكەن‌و تەئكیدیی كردەوە: بەخۆپارێزیش مقاوەمەت ناكرێت، بەڵكو بەعەقڵ‌و بەلۆژیك، بەهەموو توانایەكی سیاسی‌و شەرعی خۆمان، ئەو لایەنانەی هەڵمەتی راگەیاندن‌و شەڕی دەرونیمان بۆ دەهێنن، نابێ‌ خۆمانی لێبپارێزین، بەڵكو دەبێ‌ هەڵمەت بەهەڵمەت وەڵامبدەینەوە! چونكە وەڵامی هەڵمەت بەهەڵمەت، بۆ بەرگری لەیەكێتیی پیرۆزە.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەكۆبوونەوەكانیدا، راشیگەیاند: ئەو یەكێتییەی بەرامبەر ئەو هەموو پیلانانە وەستا‌و تێكی شكاندن، گوناهێكی گەورەمان دەگات، نەتوانین ئەم پیلانەش تێكبشكێنین‌و ئەمەشی بەئەرك‌و شەرتی سەرەكی یەكێتیی بون ناوبرد، كە نەهێڵین شەڕی دەرونی، دەرونی یەكێتییەكان لاواز بكات. بەڵكو دەبێ‌ یەكێتیی لەم میحنەتە رزگار بكەین‌و سەركەوتووبێت، كە سەركەوتووش دەبێت.
جەختیشیكردەوە: یەكێتیی گورگی زۆری بینی‌و نەترساو هیوای نەبڕی، ئێستا چۆن بەبوونی ئەم هەموو كادرو تێكۆشەری دڵسۆزو گۆڕستانی شەهیدان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان، هیوا بڕاو دەبین! بەڵكو ئەوانەی دەیانەوێ‌ بەشەڕی دەرونی لەیەكێتیی ببەنەوە، ئەوە خەیاڵیان خاوەو چوونە بەگژ قولەی قافدا، بۆیە واچاكە، مێروولە نەچێ‌ بەگژ قولەی قافدا. چونكە وەڵامی هەڵمەت بەهەڵمەت دەدەینەوەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، هەمیشە قولەی قاف بووە!
هەروەها مەلا بەختیار، رایگەیاند: با كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ببەستین‌و بەئیرادەی لەشكان نەهاتووی یەكێتیانەوە بچینە ناو هەڵبژاردن، ئەوا بەهەر بەرپەچدانەوەیەك، دەبینین نەیارانی یەكێتیی، لادەرو بادەرەكان چۆن تێكدەشكێن‌و وتی: هەموو ئەوانەی ئێستا ئەم فەوزایە دەنێنەوە، بۆ ئەوەیە كەس لێیان نەپێچتەوە، بۆئەوەیە كەس پێیان نەڵێ‌ رەش‌و سپی! بەڵام ئەمە كاتییە لەمێژووداو دێینەوە سەر مایە، دێینەوە سەر رەگەزە راستەقینەكانی خۆمان‌و بێگومان ئەوكاتەش لێپێچینەوە لەرەش‌و سپی دەكرێت. بۆیە هەڤاڵان، كۆڵنەدان‌و بەرپەرچدانەوەی ئەو شەڕە دەرونییە، ئەركی ئەخلاقی، سیاسی، ویژدانی، حزبی‌و دیموكراسی‌و ئەركی وەفاشتانە بەرامبەر جەنابی مام جەلال‌و ستراتیج‌و مێژووی یەكێتیی.
لەكۆتاییشدا، جەختیكردەوە: ئەوانەی بەرگەیان نەگرت مام كفنەكەی زەرد ببێت‌و لەیەكێتیی لایاندا، دەبێ‌ باجی مێژوو بدەن، لەسەر ئەوەی كە نەیانهێشت كفنەكەی مام زەردببێ‌، لەیەكێیتی لایاندا‌و رایگەیاند: هەڤاڵان یەكێتیی لەناخی خۆتاندا زۆرتر لەئێستا ببوژێننەوە لەناخی خۆتاندا، دڵنیابن ئەگەر ویژدانمان هەبێ‌، ئەوا رۆحی مام سزامان دەدات، ئەگەر ویژدانیشمان نەبێ‌، ئەوا رۆحی مام‌و شەهیدەكانیشمان بۆ گیرفان، فەرامۆش دەكەین!

475581422018_01.jpg

515581422018_06.jpg

565581422018_08.jpg

05681422018_010.jpg

55681422018_015.jpg

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە