.
07:38 PM - 12/02/2018
کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی پرسی بەستنی کۆنگرە یەکلای دەکەنەوە
ئەمرۆ دوو شەممە 12/2/2018 ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەسەرپەرەشتی هەڤاڵ عادل موراد سکرتێری ئەنجومەن کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی هەڤاڵ مام جەلال و سەروەرانی نیشتیمان دەستیپێکرد، پاشان هەڤاڵ عادل موراد لە وتەیەکی کورتدا دواین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیەکانی باس کرد، پاشان گفتوگۆی چڕوپڕ لەبارەی خاڵەکانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەوە کرا و ئەم راگەیەندراوە بڵاو کرایەوە.
دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی ناوەندی
سەرەتا ئەنجومەنی ناوەندی نیگەرانی خۆی بۆ هێرشە زەمینی و ئاسمانیەکانی سوپاس تورکیا بۆ سەر عەفرین و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی دێهاتەکانی ئەو دەڤەرە دەربڕی و بەتوندی شەهیدکردنی هاوڵاتیانی شەرمەزار کرد کە دوور لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و بەها مرۆڤایەتیەکان بە پێشکەوتووترین چەکی هەمەجۆر بۆردوومانی هاوڵاتیانی بێ تاوان لە ئارامترین ناوچی سوریا دەکرێت.
دۆخی ناوخۆی یەکێتی و بەستنی کۆنگرە
سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی یەکێتی و بەستنی کۆنگرە، هەڤاڵانی ئەنجومەن دوای گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی هەڤاڵانە و بەرپرسیارانە و مێژوویانە بە کۆی دەنگی هەڤاڵانی ئامادەبوو بڕیاردرا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی لە رۆژی 15/2/2018 ئەنجام بدرێت و لەو کۆبوونەوە هاوبەشەدا پێکەوە بڕیار لەسەر رۆژی بەستنی کۆنگرە بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی ناوەندی نوسراوی فەرمی ئاراستەی سەرجەم هەڤاڵانی سەرکردایەتی دەکات و پرسی کۆنگرە یەکلا دەکەنەوە.
ئامادە و هەموارکردنەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ
سەبارەت بە رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) یش کە لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندییەوە ئامادە کراوە و پاشان هەموار کراوتەوە و لەلایەن لیژنەی باڵای کۆنگرەوە پەسەند کراوە دەبێتە بناغە و پرۆژەی فەرمی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوارەم، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەمەبەستی وەرگرتنی راو سەرنجی ئۆرگان و کادیران و ئەندامانی یەکێتی و بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژەی هەموو هەڤاڵانی یەکێتی دەقی رەشنووسی پەیڕەی ناوخۆ لە رێی میدیای فەرمی یەکێتیەوەبڵاو بکرێتەوە، پاشان لە کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی پەسەند بکرێت، داواش لە میدیایی یەکێتی کرا گرنگی بە بڕگە و ماددەکانی رەشنووسەکە بدەن.
دۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە
تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ دۆخی کەرکوک و دوزخورماتوو خانەقین و شەنگال و مەخمور و دەشتی نەینەوا، هەڤاڵانی ئەنجومەن داوا دەکەن سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و بەبەرنامەیەکی هاوبەشەوە هەوڵی ئاسایکردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی (140) ی دەستوری عیراق بدەن، هەروەک ئەنجومەنی ناوەندی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە لایەنێکی سیاسی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبەکەی شانبەشانی بەشێک لە پێکهاتەکانی تورکمان وعەرەبی کەرکوک رێگری دەکەن لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە، چونکە دەستبەکاربوونی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک دەبێتە مایەیی ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکە و دروستبوونی متمانە لەلایەن هاوڵاتیان و رێگریکردن لەو پێشێلکارییانەی لە کەرکوک دەکرێت.
رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و گەرانەوە بۆ رێبازەکەی مام
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر چۆنیەتی رێکسختنەوەی پەیوەندییەکانی (ی.ن.ک) لەگەڵ بەغدا و هێز و لایەنە سیاسیەکانی عیراق لەسەر ئەو بناغەی کە کاتی خۆی لەلایەن سەرۆک مام جەلال ەوە دارێژراوە و خزمەت بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات.
لە کۆتایدا هەڤاڵانی ئەنجومەن سوپاسی پشوو درێژی ئۆرگان و جەماوەری (ی.ن.ک)ی کرد و سڵاوی تایبەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتیی نارد.
ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک)
12/2/2018
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە