کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێویستی بەستنی كۆنگرە دووپاتدەكاتەوە

.

08:50 PM - 11/02/2018


ئەمڕۆ 11ی شوباتی 2018، لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد لە لێپرسراوی مەڵبەند و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەندی رێكخستنی دهۆکی یەكێتیی نیشتمانی، لەدیدارێكدا بارودۆخی‌ سنوری دهۆک لەهەموو گۆشەنیگایەکەوە لەگەڵ رۆڵ و سیاسەتی یەكێتیی‌ نیشتمانی بۆ دەربازبوون لەكێشە و قەیرانەكان تاوێكرا.
لە دیدارەكەدا  كەهەریەک لە خاتوو گەلاوێژ ساڵح و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی بوون، هەرێم کەمال ئاغا لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆکی یەكێتی بەناوی ئامادەبوان و  ئەندام و لایەنگرانی سنوری مەڵبەندەكەوە خۆشحاڵیی نیشاندا بەودیدارە و ئاماژەشیكرد بۆ رۆڵی كادیرانی یەكێتیی نیشتمانیی لەو سنورە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی و خزمەکردنی هاوڵاتیان.
لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆکی یەكێتی راشیگەیاند، لەراپەڕاندنی ئەركەكانماندا گرنگیی پاراستنی  یەك ریزیی  نێو یەكێتیی و كاری پێكەوەیی رەچاو دەكەین و سیاسەتی چەپكە گوڵەكەش رێنمای كارەكانمانە كەدەتوانین لێوەی خزمەت بەكۆمەڵانی خەڵك بكەین.
لای خۆشییەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاڕاستەی‌ سیاسەت و ستراتیژی‌ یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانی‌ بۆ دەربازبوون لە قەیران و كێشەكان خستەڕوو، هاوکات ستایشی‌ كار و چالاكییەكانی كادیرانی سنوری مەڵبەندی دهۆکی كردو رۆڵ و خۆراگری كادیرانیشی لەم دۆخەی ئێستادا بەرزنرخاند.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بیروڕا سەبارەت بەدۆخی یەكێتی و چۆنیەتی زەمینەسازی و هەنگاونان بۆئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانی ئاڵوگۆڕكرا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، پێویستی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی بۆ نوێبوونەوە و یەكخستنەوەی زیاتری ریزەكانی یەكێتی دووپاتكردەوە.
هەرلەمیانەی ئەو دیدارەدا، كادیرانی بەشداربووی كۆبوونەكەوە لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیاز و تێبینیەكانیان بۆ باشتر ئەنجامدانی كار و چالاكییەكانیان لەپێناو خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك و چارەسەرکردنی کێشە و کەموکورتییەکانی ئۆرگانەکانی یەکێتی لەسنورەکەیاندا، داواشیان کرد کەناڵی بادینان سات کەوەرگرێکی بەرفراوانی لەسنورەکەیاندا هەیە بەردەوام بێت لەپەخشکردن و لەبەرامبەریشدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە