کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چیرۆکێکی تراژیدی پێشمەرگەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی و حەشدی شەعبیدا

.

05:04 PM - 13/12/2017

"نەخۆشخانەیەکی هەولێر ئامادە نەبوو هیچ چارەسەرێك بۆ پێشمەرگەیەکی برینداری پارێزگاریکردن لە کەرکوک بکات


ئیدارەی نەخۆشخانەکە چەرچەفەکەشیان بۆ نەگۆری کە نرخەکەی تەنها (500) دینارە، لەوەش زیاتر باجێکی سەوز بە براکەی دەدەن بۆ ئەوەی لەناو نەخۆشخانەکەدا بناسرێت کە یەکێتیە و کەس هاوکاری نەکات"

 

چیرۆکێکی تراژیدی پێشمەرگەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی و حەشدی شەعبیدا


زوبێر عوسمان


ئەم شەو 12/13-12-2017 سەردانی پێشمەرگەیەکی قارەمانی شەری بەرگریکردن لەکەرکوکی قودسی کوردستانم کرد لە نەخۆشخانەی شۆرش کە لە 16/10/2017 بریندار ببوو بەناوی (سیروان عبابکر عبداللـه رۆستایی) چیرۆکی سیروان زۆر تراژیدی و دوورودرێژە و بەکورتی بۆتان دەگێڕمەوە:
سیروان گەنجێکی دڵسۆز و تێکۆشەرێکی یەکێتی نشتیمانی کوردستانە لە خانەوادەیەکی کوردپەروەری خاوەن قوربانی باڵەکایەتین و زۆرینەی کەسوکارەکەی پێشمەرگەن و ئامادەی گیانفیدایی و خۆبەختکردنن لە پێناوی خاک و خەڵکی کوردستاندا ، ناوبراو پلەی نائیب عەریفە لە فەوجی دژە تانک لەیەکی (900) هێزەکانی پشتیوانی دووی سەر بەیەکەی (70) ، لەکاتی مەترسی هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر کەرکورک هێزەکانی پشتیوانی دوو دابەش دەکرێن بەسەر لیوا و یەکەکانی پیادە وەکو هێزی پشتیوانی چەکی قورس کاکە (سیروان) و نەقیب (سامان) و دوو پێشمەرگەیتر بە تۆپی (106) لەسەر سەیارەی میکزەمینی دەخرێنە ژێر ئومرەی فەوجی چوار لیوای (102) پیادە ، لەکاتی هێرشەکەدا فەرمانی یەرگریکردنیان پێ دەدرێت و یەکەم تەقە بە چەکی قورس (106) دەکرێت و دوای تەقاندنی یەکەم تۆپ، بەتیشیکی لێزەر میکزەمینیەکە دەکرێتە ئامانج و بە چەکی ئەبرامزی ئەمریکی کە لەلایەن حەشدی شەعبی بۆ شەری کورد بەکارهێنرا دەتەقێندرێتەوە، دەستبەجێ (نەقیب سامان) شەهید دەبێ و سیروان و پێشمەرگەکانیتر بەپارچە بریندار دەبن، مەردایەتی سیروان زیاتر دەردەکەوێ کە بەوورەیەکی پۆڵاین و خاوەن ئیرادە و چاونەترسانە بە برینداری بەرگری دەکات و (نەقیب سیروان)ی بەرپرسی و پێشمەرگە هاورێکانی بەجێناهێڵێت ، لەشەرەکەدا هەردوو قاچی بە گولەی دۆشکە و بیکەیسی دەپێکرێت، پاش داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە سیروان لەلایەن تیمێکی پزیشکی سوپای عێراقەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە لەشاری کەرکوک و نەشتەرگەریەکی سەرەتایی بۆ دەکەن و گولە و بەشێک لە پارچەکان لە جەستەی دەردەهێنن.
دوای ئەوەی کەسوکاری ئەم پێشمەرگە قارەمانە زانیاریان پێدەگات لە باڵەکایەتیەوە برایەک و ئامۆزایەکی بە هەر وەسیلەیەک بێت دەچنە کەرکوک و لەرێگەی ناسیاوێکیانەوە لە ناو سوپای عیراق دەیدۆزنەوە ، رۆژی 17/10/2017 دەیگەیەنە هەولێر و دەیبەنە نەخۆشخانەی رۆژهەڵات بەڵام لەوێ وەرناگیرێ و دەڵێن نەشتەرگەری بۆ کراوە دەبێت لە نەخۆشخانەی ئێمرجنسی بخەوێندرێت، دوای مانەوەی دوو شەوو رۆژ لە نەخۆشخانەکە بەداخەوە تەنها یەک جار بریندارییەکەیشی تەداوی ناکان بە بیانووی ئەوەی کە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە تەنانەت لەگەڵ هەوڵدانێکی زۆری براکەی کە وەکو مرافیق لەگەڵیدا بووە ئیدارەی نەخۆشخانەکە چەرچەفەکەشیان بۆ نەگۆریوە کە نرخەکەی (500) دینارە کە وەک لە وێنەکاندا خوێن و ئینتیهابات و پاشەرۆی پێوە دیارە، لەوەش زیاتر باجێکی سەوز بە براکەی دەدەن بۆ ئەوەی لەناو نەخۆشخانەکەدا بناسرێت کە یەکێتیە و کەس هاوکاری نەکات.
سەرەرای ئەو کارانە کەسوکاری ئەم پێشمەرگە بریندارە داوا لە ئیدارەی نەخۆشخانەکە دەکەن بە ئیسعافێک بیگوازنەوە بۆ سلێمانی بەڵام هەروەک هەموو ئیشەکانیتریان ئامادەنین ئەو کارەش بکەن ، دوای ئاگادارکردنەوەی یەکەکەی کاکە سیروان دەگەیەندرێتە سلێمانی و لە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە (نەخۆشخانەی شۆرش) نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و تا ئەمشەو کە نزیکەی دوو مانگە بە باشترین شێوە لە رووی خزمەتگوزاری و تەندروستیەوە خزمەت دەکرێت ، هەرچەندە ئەوە ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەی و مرۆیی و ئەخلاقی هەموومانە بەرامبەر پێشمەرگە و پارێزەرانی خاک و خەڵکی کوردستان بەڵام ئەگەر پێشمەرگەیەکی برینداری پارتی دیموکراتی کوردستان یان هەر حزبێکیتری سیاسی لە سلێمانی بووایە بەدڵنیاییەوە ئەگەر لە پێشمەرگەیەکی یەکێتی زیاتر گرنگی پێنەدرابووایە کەمتر نەدەبوو ، لەرابردویش چەندین حاڵەتی لەم شێوە بووە پێشمەرگەی پارتی بریندار بوە لە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە چارەسەرکراوە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هەڤاڵە پێشمەرگەکانیتر کە یەکێتی بوون نەکراوە، ئا ئەمەیە جیاوازی ئیدارەی سەوز و زەرد ، ئەوە قوتابخانە کوردایەتیەکەی جەنابی مام جەلالە و ئەویتریشان بۆ ئێوە بەجێ دەهێڵم چی ناوێکی لێ دەنێن!
لە کۆتایدا ئەوە دووپاتدەکەمەوە جەلالیزم رێبازی زیندووی کوردایەتیە و ئەویتریشیان تونێلێکی تاریکە و تروسکایی بۆ میللەتەکامان تێدا نیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە