کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی هەوڵەکانی یەکێتی دەدوێت

.

08:13 PM - 12/12/2017




دوای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لەسەر ئارامگای سەرۆك مام جەلال، ئەندامانی گردبوونەوەی هاوڵاتیبوون لە کەرکوک سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن و لەدیدارێکدا بارودۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان لەگشت رووەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکەن و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ـ یش رایدەگەیەنێت کە نابێت روداوەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی کەرکوک هەبێت.

 ئەمڕۆ 12ی كانوونی یەكەمی 2017، لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە ئەندامانی گردبوونەوەی هاوڵاتیبوون لە کەرکوک کە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمییەوە پێکهێنراوە، لە دیدارێكدا بارودۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان لەڕووی سیاسی و ئیداری و مرۆیی، بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە تاوتوێکرا.
لەو دیدارەدا، کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی بوو، ئەندامانی گردبوونەوەکە پوختەیەک لە ئامانجی پێکهێنانی  گردبوونەوەکەیان باسکرد کە لەپێناو پاراستنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە کەرکوک فشار و خەباتی مەدەنی دەکەن، ئاماژەیان بەوەشدا رووبەڕووی هەرهەوڵێک دەبنەوە مەترسی بۆ سەر ئەو پێکەوە ژیان و مێژووە هاوبەشەی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکوک دروست بکات، لەو ڕووەشەوە داوای پشتیوانیان لەخاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کرد.
لای خۆیەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، نیگەرانی بۆ دۆخی مرۆیی هاوڵاتیان لەناوچە دابڕێندراوەکان دەربڕی و جەختیلەوەشکردەوە کەنابێت روداوەکانی ئەم دواییە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی کەرکوک هەبێت، راشیگەیاند وەک یەکێتی لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ پاراستن و پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان گشت پێکهاتەو ئاین و نەتەوەکان، ستایشی کار و ئامانجەکانی گردبوونەوەکەشیکرد و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی پێشنیاز و پڕۆژەکانیان نیشاندا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو وەک یەکێتیی نیشتمانی هەوڵی جددی دەدەن بۆئەوەی دۆخی ناوچە دابرێندراوەکان هێوربکرێتەوە و هاوڵاتیانی ئاوارە بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان، هاوکات هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵیش ئاوڕی بەپەلە و پێویست لەو سنورە بدەنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە