.
07:20 PM - 19/11/2017
دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق.
لە دیدارەکەدا سەرلەنوێ پیرۆزبایی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیۆنەکە کرد بە بۆنەی دیاریکردنیان بۆ ئەم ئەرکە گرنگە، دووپاتیشیکردەوە: کە پێویستە ئەرکەکانیان بە باشترین شێواز رابپەڕێنن زۆر گرنگیشە بەتەواویی پابەندی سەربەخۆیی و پیشەیی بوون و بێلایەنی بن، داوای سەرکەوتنیشی بۆ کردن لە ئەرک و کارەکانیاندا. سەرۆک کۆمار ئەوەیشی خستەروو: کە دەبێت پێداویستە قانونیی و ئەمنییەکان تەواو و ئامادە بکرێن بۆ زامنکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە وادەی دیاریکراودا، لەو روەشەوە ئاماژەیکرد: کە هەنگاونان بۆ پتەوکردنی پرۆسەی دیموکراتیی لەریزی پێشەوە بەو جۆرەی ویستی گەلەکەمان بەدی دەهێنێت لە دادپەروەریی و یەکسانیی و رێزگرتنی ئیرادەکەی و یەکڕیزییەکەی بەهێز دەکات، روونیشیکردەوە: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیی و پاک و بێگەرد ئەرکێکی سەرەکیی ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیارانە، لەو بارەیشەوە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ئاڕاستە کرد پشتیوانیی تەواو و پێویست بۆ کۆمیسیۆنەکە دابین بکەن لە سەرخستنی پلانە هەنوکەییەکانیدا.
سەرۆک مەعسوم ئەوەیشی خستەڕوو: سیستمی دیموکراسیی رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی بینیوە لە بەدیهێنانی سەرکەوتنە گەورەکانی عێراقییەکان بەسەر تێرۆردا، پشتیوانیی سەرۆکایەتیی کۆماریشی دووپاتکردەوە: بۆ ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیاران بۆ راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیاریەتەکەی.
لای خۆشیانەوە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیساریان پێشوازیی گەرم و پشتیوانیی سەرۆک مەعسومیان بەرز نرخاند لە سەرخستنی هەوڵەکانیان بۆ بەئاکام گەیاندن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە