کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی چارەسەری كێشەكان دەدوێت

.

09:39 PM - 05/11/2017


هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان بەپێویستییەكی قۆناغەكە ناودەبات و جگەلە خستنەڕووی ئاڕاستەی سیاسەتی یەكێتی بۆچارەسەری كێشەكان داوایەكیش ئاڕاستەی یەكێتی ژنان دەكات.
لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد لە دەستەیەك لە سكرتاریەتی یەكێتی ژنانی كوردستان، لە دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئاڕاستەی سیاسەتی یەكێتی بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و رۆڵی یەكێتی ژنان لەوچوارچێوەیەدا تاوتوێكرا. لەو دیدارەدا، ئەندامانی دەستەكە لەگەڵ  دووبارە دەربڕینی پرسە و ماتەمینیان بۆ لەدەستدانی سەرۆك مام جەلال، باسیانلەوەكرد هەمیشە داكۆكیكاری چەسپاندنی مافەكانی ژنان و بەشدارپێكردنیان بووە لەناوەندی بڕیاری حزبی و حكومیدا، بۆیە لەدەستدانی ئەو سەرۆكە مەزنە كەلێنێكی گەورەی بۆ دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكانی ژنان دروستكردوە. لە وتەیەكیدا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی ژنانی لێكردن و هیوای خواست بەهەمان گوڕ و تینەوە لەخەباتیان بەردەوام بن، باسیلەوەشكرد لە ساڵی 1989 دا كۆمەڵێك ژن لەشاخ كە لەگەڵ برا پێشمەرگەكانیاندا خەباتیان لەپێناو نیشتمان و نەتەوەكەیاندا دەكرد، لەژێر چەتری رێكخراوێكدا یەكیان گرت، دیارە ئەمەش بۆ ئەو قۆناغە كارێكی سانا نەبوو. هەر لەو دیدارەدا، لەبارەی پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ ئاڵوگۆڕكرا، لەپێناو ئاسایبوونەوەی زیاتری دۆخەكە و چەسپاندنی ژیانی دیموكراسی و باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان، پێویستی ئەنجامدانی گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ زامنكردن و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەل و هەرێمی كوردستان دووپاتكرایەوە. لەتەوەرێكی تری دیدارەكەدا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەئكیدیكردەوە كە یەكڕیزیی و تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەرك و پێویستییەكی قۆناغەكەیە، دەبێت هەمووان درك بەو راستییە بكەن.
لەبارەی دۆخی ئێستا و هەڵوێستی یەكێتی ژنان، ئەندامانی دەستەی سكرتاریەت، دووپاتیان كردەوە كە دژی هەر گرژی و ئاڵۆزییەكن، كە كاربكاتە سەر ژیان و ئارامی سنورەكە، لەو روانگەیەشەوە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن كێشەكان بەدیالۆگ چارەسەر بكەن، هەروەها یەكڕیزی ناوخۆ بپارێزرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە