کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كچێك دوای مردنی ژیانی 13 كەس ڕزگار دەكات

.

01:43 PM - 23/09/2017

كچێكی تەمەن 13 ساڵی بەریتانی دوای مردنی لە ڕێگەی بەخشینی ئەندامەكانی لەشیەوە ژیانی 13 كەسی لە مردن ڕزگاركرد كە پێنجیان منداڵ بون.
جمیما لایزل ساڵێك پێش مردنی بڕیاری دابو دوای مردنی دڵ و پەنكریاس و ڕیخۆڵە باریكە و جگەر و هەردوو گورچیلە و سییەكانی ببەخشێت، دایك و باوكی دەڵێن جمیما كچێكی زیرەك و داهێنەر بوە و هەمیشە بەزەیی بە كەسانی دیكەدا هاتۆتەوە.
یەكەی خوێن و چاندن لە كۆمسیۆنی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی لە بەریتانیا ڕایگەیاند پێشتر هیچ كەسێك نەبوە لە ڕێگەی بەخشینی ئەندامەكانی لەشیەوە ژیانی ئەو ژمارە زۆر لە نەخۆش ڕزگار بكات.
جمیما لە كاتی ئامادەكارییەكانی ئاهەنگی یادی لە دایكبونی دایكی نەخۆش دەكەوێت و دوای چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدەدات.
دڵ و ڕێخوڵە باریكە و پەنكریاسی لە لەشی سێ كەس و هەردوو گورچیلەشی لە لەشی دوو كەسی دیكەدا چێندران، جگەریشی كرا بە دوو بەشەوە و لە لەشی دوو نەخۆشدا چێندران، هەردوو سییەكەشی لە لەشی نەخۆشێكدا چێندرا كە نەخۆشی سییەوكانی بو.
دایك و باوكی جمیما ڕایانگەیاند كە پێشتر زانیویانە كچەكەیان حەز دەكات دوای مردنی ئەندامەكانی لەشی ببەخشێت چونكە دوو هەفتە پێش مردنی لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵی كردوە.
دایكی سۆفی دەڵێت: جمیما پێشتر هیچ شتێكی لەبارەی بەخشینی ئەندامەكانی لەشەوە نەبیستبو، بە شتێكی ناخۆشی دەزانی، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە گرنگی ئەو بابەتە تێگەیشت.
هەروەها ووتی : بەلای ئەوانەوە بڕیاری بەخشینی ئەندامەكانی لەشی كچەكەیان شتێكی قورسە، بەڵام بڕیارێكی دروستە. هەمو كەسێك دەیەوێت منداڵەكەی دیار و لێهاتو بێت، ئەمەش یەكێكە لەو شتانەی كە وامان لێدەكات شانازی پێوە بكەین.
یەكەی خوێن و چاندنی ئەندامەكانی لەش لە كۆمسیۆنی تەندروستی نیشتمانی لە بەریتانیا ڕایگەیاند كە تا ئێستاش سەدان نەخۆش بێ هیچ پاساوێك لە چاوەڕوانی چاندنی ئەندامەكانی لەشدا دەمرن، هۆكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆرێك لە خێزانەكان ڕازی نین ئەندامەكانی جەستەیان ببەخشن. بۆیە ساڵی ڕابردوو 457 كەس لەبەر ئەو هۆیە گیانیان لەدەستداوە ، لەو ژمارەیەش 14 كەسیان منداڵ بون، لە ئێستاشدا 6414 كەس لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی یەكێك لە ئەندامەكانی لەش، لەو ژمارەش 176 كەسیان منداڵن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە